مه‌سروور بارزانی: ناچینه هیچ ناوچه‌یه‌كەوە، به‌شێك نەبێت له كوردستان

ھەولێر-KDP.info- (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ده‌زگای VICE Newsی ئه‌مه‌ریكاییدا باس له سنوورداریی پشتیوانیی هێزه‌كانی رۆژئاوا بۆ پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژی داعشدا ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی كاره‌كه‌ی بێت، پێموانییه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه تێکشكاندنی داعش هێنده سه‌خت بێت."
له‌باره‌ی ئاماده‌یی پێشمه‌رگه و ململانێی هاوپه‌یمانان بۆ پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه بۆ شه‌ڕی داعش گوتی: "ئێمه ئاماده‌ین شه‌ڕی داعش بكه‌ین له هه‌ر كوێیه‌ك بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمانی منه، ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌موو ئه‌ندامه‌ی هاوپه‌یمانان له مه‌سه‌له‌ی پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌دا به زه‌حمه‌ت رێ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌شزانن داعش نه‌ك بۆ كوردستان، به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كه و ته‌واوی جیهان چه‌نده خه‌ته‌ره."
له‌باره‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه له رووداوه پێشبینیكراوه‌كان و هێرشی مووسڵدا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "پێشمه‌رگه به پاككردنه‌وه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له باكووری رۆژئاوا و رۆژ‌هه‌ڵاتی مووسڵدا كاری خۆی جێبه‌جێ كردووه. بێگومان رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه وای له داعش كردووه بۆ به‌رگریكردن له شاره‌كه له پێگه‌یه‌كی سه‌ختدا بێت".
(مه‌سروور بارزانی) له‌باره‌ی پێشبینیكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ی ئه‌و هێرشه روو ده‌دات، گوتی: "به بۆچوونی من پێدانی سه‌عاتی سفر و سرووشتی هێرشه‌كه به دوژمن هه‌ڵه‌یه. چونكه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه كارێكی هۆشمه‌ندانه نییه دوژمن وریا بكه‌یته‌وه خۆی ئاماده بكات و كاتی دیاریكراوی هێرشه‌كه‌ی پێ رابگه‌یه‌نی."
له باره‌ی ژماره‌ی داعش له‌ناو مووسڵ، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ژماره‌یه‌كی زۆرن، به‌ڵام هه‌ر به ته‌نیا له‌و خه‌ڵكانه پێك نه‌هاتوون، كه له ده‌ره‌وه‌ڕا هاتوون، به‌ڵكو خه‌ڵكی دیكه‌شی تیدایه، كه هه‌واداری داعشن و په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی كردووه. هەڵبەت داعش له‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌و ماوه‌یه بۆی ره‌خسا توانیویه‌تی هه‌ندی خه‌ڵكی دیكه‌ی ناوخۆ به سه‌رباز بگرێ، به‌مه‌ش ژماره‌كه‌ی زیادی كردووه."
پێوەست بە ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا بۆ تێكشكاندنی داعش، (مه‌سرور بارزانی) گوتی: "راشكاو بم، من پێموایه نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو ته‌واوی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، به راستی سه‌خته بیر بكه‌یته‌وه، كه ئه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌تانه تا ئێستا له ڕووی سه‌ربازییه‌وه نه‌توانن داعش تێك‌بشكێنن. ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی كاره‌كه‌ی بێت، پێموانییه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه تێشكاندنی داعش هێنده سه‌خت بێت. هه‌روه‌ها ده‌بێ له دژی داعش شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیایش له‌به‌رچاو بگیردرێ. ئه‌گه‌ر به دیقه‌تتر قسه له‌سه‌ر تێكشكاندنی داعش له ڕووی سه‌ربازییه‌وه بكه‌ین، من پێموایه له‌سه‌ر زه‌ویش هێزێكی كاریگه‌ر پێویسته. راسته ئاسمانەهێرشەکان كاریگه‌رییان هه‌بووه، به‌ڵام دوژمن تێك‌ناشكێنێ."
له وه‌ڵامی پرسیاری ئەوەیشدا کە ئایا مه‌به‌ست له بوونی هێزێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقه یا داواكردنی هێزه له ئه‌مه‌ریكا، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "مه‌سه‌له‌كه داواكردنی هێز نییه له ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، چۆن به شێوه‌یه‌كی خێراتر ده‌توانرێ داعش تێك‌بشكێندرێ."
له‌باره‌ی جۆری ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ پێشمه‌رگه داوا ده‌كرێ، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "هه‌ر چه‌كێكی پێشكه‌وتوو، كه پێویسته سوپایه‌كی مۆدێرن هه‌یبێت، پێشمه‌رگه‌ش به‌و شێوه مۆدێرنه پڕچه‌ك بكرێ."
له وه‌ڵامی پرسیاری ئاینده‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه له ئه‌نجامی شه‌ڕی داعش رزگاری كردوون، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و ناوچانه‌ی رزگار نه‌كردبوایه، ئێستا ئه‌و ناوچانه له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی داعشدا ده‌بوون. من سه‌یرم لێدێت خه‌ڵكانێك مشتومڕی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئایا ئه‌م ناوچانه له كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بێت باشتره یا داعش. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك هه‌بن وا بیر بكه‌نه‌وه داعش كۆنترۆڵی ئه‌م ناوچانه بكات باشتره، من هیچم نییه تا به‌وانه‌ی بڵێم."
له‌باره‌ی چوونی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كان، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "پێشمه‌رگه نه‌چووەته هیچ شوێنێك، ئه‌گه‌ر ئێمه باوه‌ڕمان نه‌بێت كه ئه‌و ناوچه‌یه به‌شێكه له هه‌رێمی كوردستان. بۆیه من باسی سنوورداریی سیاسی و جیۆگرافی ده‌كه‌م، به ته‌واوی ده‌شزانم مه‌به‌ستم له‌م ده‌ربڕینه چییه. ئێمه نیازمان نییه بچینه هیچ ناوچه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان نه‌بێت، كه به‌شێك نییه له كوردستان."




