٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەڤدەم ڕێککەوتنی دهۆکی پێشێل کرد.. لێڤەگەڕی سیاسی بڕیاری هەڵبژاردنی نەداوە

سەرچاوە: KDP.info
لەیەنێکی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە جەزیرەی ڕۆژاوای کوردستان. ئەمڕۆ

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوو؛ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و چەند حیزبێکی دیكەیش، بەشدارینەكردن و رەتكردنەوەی ئەو هەڵبژاردنەیان راگەیاند، ئەندامێکی پارتیی دیموكراتی كوردستان – سوریایش دەڵێت، تەڤدەم شەریك قبووڵ ناكات و رێز لە حیزبەكانی تر ناگرێت؛ ئەمە جاری دەیەمە رێككەوتنەكان پێشێل دەكات.

(نووری بریمۆ) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان جەخت دەکاتەوە "ئێمە پێشتریش گوتمان پەیەدە رێككەوتنی هەولێری هەڵوەشاند و رێككەوتنی دهۆكیش جێبەجێ‌ ناكات، بۆیە گوتیشمان ئێمە هاوبەش نین لەگەڵیان لە هەڵبژاردن و لەشكری ناچاریدا، بۆیە لای خۆیان تاكلایەنە بڕیاری هەڵبژاردنیان دا."
(بریمۆ) گوتیشی: "لەو هەڵبژاردنەدا وەك بینرا، رێژەیەكی زۆر كەم خەڵكی بەشدارییان کرد. دیارە کە ئێمە دوو بۆ سێ‌ مانگ دەبێ هەموو شتێكمان كرد بۆ ئەوەی پێكەوە هەڵبژاردن بكەین، بەڵام ئەو هەڵبژاردنەی تەڤدەم بووە هۆی سەرنەكەوتنی رێككەوتنامەی دهۆك و ئێمەیش ڕامانگەیاندووە کە، بەشدار نین لەو هەڵبژاردنە، ئاخر تەنیا حیزبێك ئەنجامیدا، ئاکامی ئەو تاکڕۆییەیش هەڵپەساردنی کارەکانی لێڤەگەڕی سیاسی بوو، چونکە لەلایەن لێڤەگەری سیاسییەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە. لای هەمووانیش ڕوونە کە لێڤەگەڕی سیاسی بەرهەمی رێككەوتنی دهۆك بوو."
ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتیی دیموكراتی كوردستان - سووریا هەروەها گوتی: "تەڤدەم پێشتریش وا فێر بووە شەریك قبووڵ ناكات و رێز لە حیزبەكان و كەسی تر ناگرێت و، یاریی كاتی ئەنجام دەدات؛ ئاخر خۆی كردووەتە حاكمی رۆژئاوای كوردستان و جاری یەكەمیشی نییە رێككەوتنەكان پێشێل دەکات و بەڵکە جاری دەیەمیەتی".
لای خۆشیەوە ( زێرەڤان مائی) شارەزا لە بواری زانستی سیاسی و مامۆستای زانكۆی دهۆك، هەروەها ئاگادار لە رەوشی رۆژئاوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "وەكو دیار بوو ئەو هەڵبژاردنە لە لایەنی تەڤدەمەوە هاتبوو رێكخستن، ئەنەكەسەیش بەشدارنەبوونی خۆیانی ڕاگەیاند؛ ئەمەیش بۆ ئێمەی كورد وەكو دابەشبوونێك دەردەکەوێ، لەلایەنی سیاسییەوە لەوانەیە حالەتێكی ئاسایی بێت كە حیزبێک بەشداری لە هەڵبژاردندا نەكات، بەڵام كە پرسەکە بوو بە دوو تەوەری سیاسی و ئایدۆلۆژیایی ئەوا كۆمەڵگای كوردی لە ڕۆژاوا بەرەو پەرتەوازەیی دەبات."
(زێرەڤان مائی) باوەڕی وایە: "ئێستا رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆریستاندایە و پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و یەكدی قبووڵ بكەن؛ بەڵام مخابن پێچەوانەی رێككەوتنی دهۆك کە بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) لەنێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم ئیمزا كرا، ئەمڕۆ بینیمان رەنگدانەوەیەكی تری هەبوو، تەڤدەم بە ڕێککەوتنەوە پابەند نەبوو."


نەشوان بەرزنجی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار