٩٠ لەسەدی خەڵکی زوومار گەڕاونەتەوە

زوممار-KDP.info-بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار دەڵێت، تائێستا ٩٠ لەسەدی خەڵکی سنووری زوممار گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و لەئێستاشدا کە کارەبا لەزوممار هەیە، خەڵکی بەگوڕتر دەگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار (موزاحم سەعدون) بەماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لەئێستادا زوممار رووناکبووەتەوە و کارەبای هەیە؛ ٩٠ لەسەدی خەڵکی گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان و لەوەتەی کارەبایش هاتووتەوە ئیدی خەڵک بە گوڕتر دەگەڕێنەوە.
گوتیشی کە روناککردنەوەی زوممار گوندەکانیش دەگرێتەوە و تیمەکان وا خەریکی چاککردنەوەی هیڵی کارەبان و ئا بەونزیکانە تەواوی گوندەکانیش کارەبایان دەبێت.
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار ئاشكرای کرد، پڕۆژەكانی دیكەی وەك ئاو، رێگەوبان، كەرتی تەندروستی و پەروەردە لە زوممار و زۆربەی گوندەكان چاك كراونەتەوە و هیچ كێشەیەكی وا نیە كە رووبەڕووی هاووڵاتیانی ناوچەكە ببێتەوە، ئەو هەموو پڕۆژانەیش لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم چاككراونەتەوە و ئەوان پێهەڵساون و حكوومەتی عێراق تەنیا بڕە پارەیەكی كەمی دابین كردبوو؛ ئەمە لە كاتێك دایە كە ئەركی ئەوانە هاوكاری ئەو ناوچانە بكات، بەڵام بە داخەوە هیچ هاوكارییەكی وای پێشكەش بە ناوچەكانی ئێمە نەكردووە كە شایەنی باسكردن بێت".
(سەعدون) ئاماژەی بەوەش كرد، سنووری زوممار تەواو ئاسایی بووەتەوە و لەهەموو ناوچەكان پێشمەرگەی لێیە، لەئێستادا هیچ مەترسیەک لەو سنوورەدا بەدی ناکرێت و پێشمەرگە بەچاکی سنوورەکەی پاراستووە.
رابین شێروانی




