٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسنووری کەرکووک تیرۆریستانی داعش گوندەکان چۆڵ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- عەمید (عوسمان ڕەمەزان) جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک ئاشکرای کرد، کە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە جموجۆڵەکەی جارانیان نەماوە و، ئەو ماوەیە حەفت گوندیان چۆڵ کردووە و، ڕایان کردووە بۆ شوێنی دیکە؛ لە شارەدێی ڕەشاددا، خەڵکەکە ئەمیری داعشەکانی ئەوێ و، منداڵەکانییان کوشتووە.
عەمید (عوسمان ڕەمەزان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێشەوی ھێزی پێشمەرگە لە دەوروبەری شارۆچکەی داقووقدا گوندی ناوەرانیان ئازاد کردووە، بەڵام لای ئێمە لە گردەگوڵ (تەلوەرد) و خرابەڕووتە، دنیا کڕە."
عەمید (عوسمان ڕەمەزان)گوتیشی، لە دوێنێوە تیرۆریستانی داعش لەو حەفت گوندەی بەرامبەرمان ڕایان کردووە و، چۆڵیان کردووە؛ هەڵبەت جارێ لە شوێنە بەرزەکەی خۆمانداینە و، نەچووینەتە خوارەوە بۆ ناو گوندەکان.

جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک ڕایشیگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لێرە ھیچ جموجۆڵێکیان نەماوە، ئاخر لە ناوچەی تکریتدا خراپ شکاون.
عەمید (عوسمان ڕەمەزان) ڕوونیشی کردەوە: "پێمان گەیشتووەتەوە خەڵکی شارەدێی ڕەشاد لە تیرۆریستانی داعش ڕاپەڕیون و، (ئەبووشوجاع)ـیان بە خاوخێزانەوە کوشتووە؛ کابرای کوژراو، ئەمیری داعشەکانی ئەوێ بووە."

دەڵێ دەنگۆیش ھەیە تیرۆریستە بیانییەکانی سنووری خورماتوو،  هەندێکیان بە ماڵ و خێزانەوە ھەڵاتوونە و، ھەندێکیش بە نیازن خۆیان بدەن بە دەستەوە و، چاوەڕێنە لێیان خۆش ببن.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار