سەرۆک بارزانی: هەرێم پاڵپشتی لە پڕۆسەی ئاشتیی توركیا دەکات..تورکیا: پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم دەبین

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی وەکیلی وەزیری دەرەوەی تورکیادا رایگەیاند کە، هەرێمی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیایە و ئامادەیشە لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیەدا یارمەتیی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بدات..لەبەرانبەردا وەكیل وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند كە، ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2015 سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) پێشوازی لە وەكیلی وەزیری دەرەوەی توركیا (فرێدون سینێرلی ئۆغلو) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە دابینكردنی ئاساییشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەركی هەموو لایەكە و پێویستی بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیی توركیا كرا و (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیایە و ئامادەیشە لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیە یارمەتیی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بدات. هەر پەیوەست بەم باسەوە (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە لەسەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییدا هەموو لایەك و گەلانی ناوچەكە سوودمەند دەبن و هیوایشی خواست كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە نەمێنن.
پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و فراوانكردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا بۆ دابینكردنی ئاساییش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و، وەكیل وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند كە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و توركیا هەموو هەوڵێك دەدات یارمەتیی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات.




