٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ھەرێم لەسەر بەڵێنی خۆیەتی کەچی بەغدا لە بیانوو دەگەڕێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (سۆران عومەر) ئەندامی لیژنە 'دارایی'ـەکەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ھەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا، لای نەداوە، بەڵام ئەوان پەڵپمان پێ دەگەرن، هەتا هەرچۆنێک بووە، هەقەپارەکەی بھەرێمی کوردستان بخۆن؛ چونکە پێیان وایە ھەرێمی کوردستان بەو سیاسەتی نەوتە بەرەو ئایندەیەک دەروات لەعێراق جیابێتەوە.

(سۆران عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بەو هەموو کێشە تەکنیکییشەوە، مانگی ڕابرد گشت ڕۆژێک ٤٢٥ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوە کردووە، کەواتە ھەرێم پابەند بووە بە ڕێککەوتنەکەوە، بەڵام بەغدا ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ ھەرێم نەناردووە؛ وەکچۆن سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش جەختی لێ کردەوە، دیار بەغدا هەتا جڵەوی نەوتی کوردستانی بە دەستەوە نەبێ، ڕازی نابێت! نایانەوێت ھەرێم خاوەن و هەناردەکەری نەوتی خۆی بێت، هەرھەموو نەوتەکەیشیان پێ بدەین، پەڵپێ ترمان پێ دەگرن؛ لەو سەرەتاوە دەیانگوت نابێ نەوتەکەیش دەربهێنین! بەڵام دوایی دیتیان کارەکە سەری گرتووە و، لە دەست ئەوان دەرچووە، لێمان هاتنەوە پێش."

(سۆران عومەر) گوتیشی، "بەغدا وا دەزانێت ھەرێمی کوردستان بەم جۆرە سیاسەتەی لە بواری نەوتدا گررتوویەتە بەر، ئاخری لەعێراق جیا دەبێتەوە، ئەوانیش ئەم ئابوورییە سەربەخۆیەی هەرێمیان پێ ناخۆشەو، بە مەزندەی خۆیان بەم مووچەبڕین و شتە، سزامان دەدەن!".
(عومەر) ڕایشیگەیاند: "ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە و، داویەتی بە وەزیری نەوتی عێراقیش؛ ئێمە تاوەکو کۆتایی ساڵ ١٨٨ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەکەین، ڕێککەوتنەکەیش هەر وایە و، تێکڕا حیساب دەکرێت نەک ڕۆژانە؛ جا بەوان بێ، ھەرێم هەر خاوەنی ھیچ نەبێت، نەوتەکە هەر هیچ."

ئەوەیشی خستە ڕوو، ھەرێمی کوردستان لە مانگی یەکدا کێشەی ھەبووە و، دانیشی پێدا ناوە، بەڵام خۆ لە مانگی و دوو و سێوە پابەند بووە و، بەغدا بیانوو دەگرێت بۆ ئەوەی هەقەکە نەدات؛ جا ئەوان پارە بە پێشمەرگە نادەن کە خوێنی خۆی دەڕێژێت، چ جای مووچە؛ سیاسەتی بەغدا شۆفێنیانەیە، هەر ئەوەندەیە مالیکی جاران بە بڕیار و کاغەزبازی دەیگوت پارە نانێرم و، نەیدەدا، عەبادی بە پەڵپ و بیانووگرتن!
بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار