٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هیچ كام لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق نایەن بۆ پرسەی هەڵەبجە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی شاندەكەی هەڵەبجە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كۆتایی هات؛ ئەندامێكی شاندەكە ئاشكرای كرد هیچ كام لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق نایەن بۆ پرسەی 27ـەمین ساڵوەگەڕەی كیمیابارانی هەڵەبجە.

خدر كەریم 'شارەوان'ـی هەڵەبجە و، ئەندامی شاندەكەی پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم دوانیوەڕۆیە، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا کۆ بووینەوە و، بیرەوەر (یادداشت)ـێکیشمان دا پێی؛ لە دووتوێی بیرەوەرەکەدا داوامان لە عەبادی كردووە: یەکەم، مەرزەکەی (شۆشمێ‌) لە هەورامان بكەنە مەرزێكی نێودەوڵەتی وەک مەرزە نێودەوڵەتییەکەی باشماخ؛ یەکەودوایش كردنەوەی هۆڵێكی تایبەت بۆ هەڵەبجە و، دابینكردنی بوودجەیەكی تایبەت وەک پارێزگاكانی دیكەی عێراق و، وەک پارێزگای نوزدەهەم سەیری هەڵەبجە بکەن و، چی زەرەریان کردووە لە کیمیابارانەکەدا، حکوومەت بیبژێرێتەوە بۆیان؛ پاشانیش داوا لە ئێران بکەن هەلێکی وا بڕەخسێنن بەشکەم منداڵە ونبووەکانی کاتی کیمیابارانەکە بدۆزینەوە."
ئەو ئەندامەی شاندەكەی پارێزگای هەڵەبجە، دەڵێ گەشبینن بەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بێت بە دەم داواکارییەکانیانەوە؛ هەڵبەت لەبەر ئەوەی بڕیارە هەرسێ سەرۆکاتییەکەی عێراق لە ڕۆژی ١٦/٣ـدا کۆ ببنەوە، عەبادی پێی ناکرێ بێتە پرسەکەی هەڵەبجە.
دیارە شاندەكەی هەڵەبجە سبەینێ‌ دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئاسۆ عەلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار