سوننە لە مەترسیدان

بەغدا-KDP.info- بریاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، یەكێك لە هۆكارە گرینگەكان كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و وڵاتان بە گرینگی دەزانن، كێشەی رەشكوژیی هاووڵاتیانی سڤیلە لەو شەڕەی كە لە ناوچە سونییەكاندا هەیە. بڕوایشی وایە، جگە لەو سوننانەی كە حەشدیشەعبین، ئەوانی دیكە سەرجەمیان ژیانیان لە مەترسیدایە.
ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەددین دەڵێن، لەو شەڕەدا كە دەستی پێ كردووە، تەنیا قوربانی ئەوانن، ئاخر لەلایەكەوە حەشدیشەعبی دەست ناپارێزێت و لەلایەكی دیكەیشەوە گرووپی تیرۆریستی داعش وەك قەڵغان بەكاریان دەهێنن.
پێوەست بەم بابەتە، بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكێك لە هۆكارە گرینگەكان كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و وڵاتان بە گرینگی دەزانن، كێشەی رەشكوژیی هاووڵاتیانی سڤیلە لەم شەڕەدا، پێشتریش ئەو مەترسیانە خراونەتە ڕوو و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش داوای دەكرد هێزێكی سوننە بۆ ئازادكردنەوەی ناوچە سونییەكان دروست بكرێت، نەوەك میلیشیای شیعە بچنە ناوچە سونییەكانەوە".
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا: "لە ئێستادا جگە لەو سوننانەی كە حەشدیشەعبین، ئەوانی دیكە سەرجەمیان لە مەترسیدان، بە تایبەتیش عەشیرەتی (ئەلبوعەجیل و ئەلبوناسر) كە بە هەموو شێوەیەك میلیشیا و حەشدیشەعبی دەستیان لێ ناپارێزن و بە تاوانباری كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەریان دەزانن".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، لەبەر مەترسیداربوونی بابەتەكە، (عەبادی) لە ماوەی (48) سەعاتدا دوو جار داوای لە سوپا و میلیشیا و حەشدیشەعبی كردووە خۆڕاگر بن و ئاگاداری كردەوەكانیان بن.
(شاخەوان) گوتیشی: "ئێمەی پەرلەمانتار چاودێریی دۆخەكە دەكەین و لە چەند ناوچەیەكیش كاری نامرۆڤانە لەلایەن میلیشیاكان و حەشدیشەعبییەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لە كۆتاییدا ئێمە رێوشوێنی یاساییان بەرانبەر دەگرینە بەر".
سەرباز واحد




