٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشارەتی: لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لە هەڵەبجە، لایەنی دەستەڵاتدار لێی بەرپرسە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوان وەك پارتی چەند جارێك هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی پێکهاتەی پارێزگای هەڵەبجە بێتە ئاراوە، بۆ ئەو مەبەستەیش بەرچاوڕوونییان داوەتە هاووڵاتیان، بۆیە لە ڕوودانی هەرحاڵەتێكی نەخوازراودا لە 16/3، لایەنی دەستەڵاتدار لێی بەرپرسە.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێكی كەم بۆ یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە ماوە، بەڵام پێناچێت لەم چەند ڕۆژە كەمەدا بتوانرێت پارێزگار دەستبەكار بێت و تەشكیلەی پارێزگا پێك بهێنرێت.

گوتیشی، وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا چەند پێشنیازێكیان خستووەتە بەردەم لایەنەكانی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پشكی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام پێشنیازەكانیان بە ئەرێنی وەرنەگرتووە.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتی جەحتیشی كردەوە، وەك پارتی بەرچاوڕوونییان داوەتە هاووڵاتیان و چینوتویژەكانی هەڵەبجە لەبارەی پێكنەهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، بۆیە لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لە 16/3، لایەنی دەستەڵاتدار لێی بەرپرسیار دەبێت.

لە 13/3/2014ـدا بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)ـیەوە واژۆ كرا و دواتر لە 16/3/2014 لەلایەن سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی)ـیەوە واژۆ لەسەر بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كرا، بەڵام بە هۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە هێشتا پارێزگار دەستبەكار نەبووە و هەیكەلی ئیداریی پارێزگایش پێك نەهێنراوە.

ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار