175 دۆسیە ئامادە کراوە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکەی لاهای

دهۆك-kdp.info- (سعوود مستۆ نەجم) دادلێکۆڵەرەکەی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكانی سەلمێنەری جینۆساید، دەڵێ 175 دۆسیەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک ئامادە کردووە بیبەنە دادگای لاهای و، شکاتی پێ بکەن.
(سعوود مستۆ نەجم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو دەستەیە کارمان ئەوەیە دۆسیەكان تۆمار دەكەین و، چی بەڵگە و شانەک (دۆكیۆمنت)ـی ڕزگار و قوربانییەکانی دەستی تیرۆرستانی داعش هەیە، ڕێکی دەخەین؛ ئەوە نزیكەی 175 دۆسیەمان شەنوکەو کردووە و، ئامادەیە بیبەین بۆ دادگا؛ دۆسیەی دیکەیشمان بە دەستەوەیە وا حازریان دەکەین."
) سعوود مستۆ) گوتیشی: "هەرهەموو دۆسیەکان دەكەینە یەک دۆسیە و، بە نیازین هەموو دنیای لێ تێ بگەیێنین؛ بەو بۆنەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان شاندێكی تایبەتی ناردووە بۆ ئەورووپا؛ چوار دانە لە دۆسیە تۆمارکراوەکانی لای ئێمەیشیان لەگەڵ دەستی خۆیاندا بردووە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکەی لاهای لە هۆلەند؛ چاوەڕێین لێیانی وەرگرن تا بیکەنە دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی و، لێی بکۆڵنەوە."
دەیشڵێت، هەندێك کۆسپی یاسایی هاتووەتە ڕێمان، لەبەر ئەوەی عێراق نەبووەتە ئەندام لەو دادگا نێودەوڵەتییەدا و، هێشتا بەرنامەی کارەکەیانی واژۆ نەکردووە؛ هەڵبەت فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگاکەی تا ڕادەیەک خۆش کردووە؛ بەو هیواینە کارەکە سەر بگرێت.
ئەو گوتەنی: "ئەو كارە ئەركی حكوومەتی ناوەندە، بەڵام بە داخەوە نە خۆی هەنگاوێكی ناوە، نەیش هاریكاریی دەستەكەمان دەکات؛ ئەوان گەلێ خەمساردن و، هیچ خەمی ئەوەیان نییە دنیا دان بەو قەومانی ئەو جینۆسایدەدا بنێتونەنێت؛ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش وا تازە ئەو دەستەیەی ئێمەی دروست كردووە، وەزیری شەهیدان و ئەنفاڵكراوان خۆی سەرپەرشتیی دەستەکە دەکات."
نەشوان بەرزنجی




