هەرێم خەریکە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو دەنێت

بەغدا-KDP.info- (سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، سیاسەتی نەوتوگازی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و، بەرەو سەربەخۆییی ئابووری هەنگاو دەنێین؛ وا حكوومەتی عێراق نەوت لە هەرێم دەكڕێتەوە؛ لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و عەبادیدا نییە پڕۆژەیاسای بوودجەی هەڵبوەشێننەوە.
(سیروان سیرینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان زۆر لە ڕەوشی عێراق باشترە، هەرچەندە بێمووچەییەکە کاری تێ کردووینە، بەڵام ئەگەر سەیر بكەین ئەوا سیاسەتی نەوتوگازی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و، خەریكە بەرەو سەربەخۆییی ئابووری هەنگاو دەنێین، ئاخر هەرێمی كوردستان لوولەنەوتەكانی كەركووكیشی بە لوولەنەوتەکانی هەرێمەوە بەستەوە و، نەوتەكە ڕەوانەی دەرەوە دەكەین؛ ئەوەتا حكوومەتی عێراق خۆیشی نەوت لە هەرێم دەكڕێتەوە؛ زۆر گەشبینیشین بەو سیاسەتەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرتوویەتیە بەر لە پرسی نەوت و گازدا. وڵاتانی جیهانیش ڕێک وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكەن."
(سیروان سیرینی) دەربارەی هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقیش گوتی: "لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و عەبادیدا نییە پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2015ـی عێراق هەڵبوەشێنیتەوە؛ عێراق ئەمە خۆی و یەک، لە کاتی خۆیدا پرۆژەیاسایەکی پەسند کردبێت؛ ئێستایش ئەركی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە جێبەجێی بكات و، هەر كەسێكیش لە هەر پرۆژەیاسایەكی پەسەندكراو لا بدات، ئەوە بەپێی یاسای عێراق سەرپێچیی كردووە. ئەگەر بڕیاریش بێت پڕۆژەیاساکە هەموار بكرێتەوە، ئەوە کاری پەرلەمانە نەک لایەنی دی؛ هیچ شتێكی وایش ناکرێتە دی پەرلەمان كارێک وا بكات؛ پەرلەمانیش بیەوێت هەمواری بکاتەوە، بەم ئاسان نییە و، زۆر دەخایەنێت."
سەرباز واحید




