حکوومەتی عێراق ٢١ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیا نەوتبەرهەمهێنەکانە

بەغدا -KDP.info- (حاکم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی عێراق گەلێ قەرزارە؛ ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراقدا کاری دۆزینەوەی و بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن، ٢١ملیار دۆلاریان بە لای حکوومەتی عێراقەوەیە.
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ بریکاری وەزیری نەوتی عێراق سەردانی ئێمەی کردبوو؛ باسی لەوە کرد، عێراق ٢١ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی بواری نەوتە؛ قەرزی پێرار و پار و ئەمساڵیشی ماوە."
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی: "حکوومەتی عێراق وا خەریکە بە نەوت قەرزەکەی دەداتەوە، ئاخر بە نەخت پارەکەی پێ نادرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە ڕایشیگەیاند: "ئەگەر عێراق ڕاست بکا و، شێلگیرانە کار بکات، هەر ئەم ئیمساڵی حازرییە، قەیرانە دارایییەکەی پێ چارە دەکرێت، بەو مەرجەی یاسای بوودجەی ٢٠١٥ وەک خۆی جێبەجێ بکات و، گەندەڵی و بەرج (خەرجی زیادە) نەھێڵێت، بەڵام عێراق کاول بووە و، خەمیشی لێ ناخۆن."
بڵند ئیبراھیم




