بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (45)ـەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری (1970)

هەولێر-KDP.info-بە بۆنەی (45)ـەمین ساڵیادی راگەیاندنی رێككەوتننامەی (11ـی ئاداری 1970)ـوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی جەماوەری دڵسۆزی كوردستان دەكەین و سەری رێزونەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی و سەروەریی كاروانی نەپساوەی خەباتی گەلەكەكان دادەنەوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، سڵاو و رێز لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكانی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
رێككەوتننامەی (11ـی ئادار) كە بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەكان و فیداكاریی پێشمەرگە دلێرەكان بوو، لە مێژووی كورددا بایەخێكی ئێكجار مەزنی هەیە، دەستكەوتێكی بەسوود و گرینگ بوو بۆ گەلی كورد، یەكەم جار بوو حكوومەتی ناوەندیی عێراق ددان بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كەلتوورییەكانی گەلی كورددا بنێ.
ئەو رێككەوتننامەیە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی سەنگ و كاریگەریی خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخوازیمان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیمان بە گشتی و لاپەڕەیەكی دیكەی ئەو سەروەریانە بوو لە مێژووی كورد و پارتایەتیمان بە سەرۆكایەتیی (بارزانی نەمر) بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان لە داهاتوودا، هەروەها بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بۆ قۆناخێكی سیاسیی پێشكەوتوو گواستەوە بە جۆرێك لەسەر شانۆی سیاسەتدا وەك هێزێكی كاریگەر و گرینگ لە بەرەوپێشچوونی رووداوەكاندا دەوری خۆی ببینێ.
رێككەوتننامەی (11ـی ئادار) دوای نۆ ساڵ لە خەبات و شۆڕشی چەكدارانەی خوێناوی بەردەوام بە سەرۆكایەتیی (بارزانی نەمر)، لێهاتوویی و زیرەكی سەركردایەتیی (بارزانی نەمر) ی سەلماند لەو قۆناخە ناسك و هەستیارەی لە ئارادا بوو، كە دوابەدوای زنجیرەیەك خەباتی بێوچان و سەخت و خۆڕاگری و راپەڕین و سەرهەڵدانی گەلەكەمان هاتە دی، هەنگاوێكی بوێرانە و راست و دروست بوو بەرەو بناخەڕێژیی ئاشتەوایی و سەقامگیری و ئاوەدانكردنە و بووژانەوە لە عێراقدا، ئەمەیش بە حیكمەت و پلانڕێژیی (بارزانی نەمر) و سەركردایەتیی پارتی و پێشمەرگە پاڵەوانەكانی شۆڕِشی مەزنی ئەیلوول و جەماوەری خۆڕاگری كوردستان هاتە بەر، كە حكوومەتی عێراقی ئەوسای ناچار كرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە مل بۆ خواست و داوا رەواكانی گەلی كوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی كەچ بكات.
رێككەوتننامەی (11ـی ئادار) لە كات و ساتێكی وادا راگەیاندرا، كە تاریكی و سەركوتكردنی ئازادی و دیموكراسی باڵی بەسەر عێراقدا كێشابوو، تەنگ بە دەنگە ئازادەكان هەڵچنرابوو، نائارامی و ناسەقامگیری وڵاتەكەی تەنیبووەوە، بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە، كە لە نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان وەكو سەركردایەتیی شۆڕش و حكوومەتی ئەوسای عێراق مۆر كرا، حكوومەت بەڵێنی دا بە جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكە و بە یەكەم بەڵگەنامەیش دادەنرێ لە رووی یاساییەوە كە بۆ یەكەم جار تێیدا بە فەرمی ددان نراوە بە مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكانی گەلی كورد و بە هەبوونی نەتەوەی كورد و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی عێراق و زمانی كوردییش دووەم زمانی فەرمی بێت لە عێراقدا و ددانپێدانراو بێ هەروەك زمانی عەرەبی، جگە لە چەندین دەسكەوتی دیكەی گرینگی ئیداری و فەرهەنگی و رۆشنبیری.
رێككەوتننامەی (11ـی ئادار) لەسەر ئاستی دەوروبەر و نێودەوڵەتییش سەدا و دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، رای گشتیی جیهانی ورووژاند و نێوەندە عەرەبی و جیهانییەكان پێشوازییان لێ كرد و ئەو رێككەوتننامەیە و جێبەجێكردنیان بە سەركەوتنی پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و هۆكاری چارەكردنی كێشەكان لەقەڵەم دا.
رێككەوتننامەی (11ـی ئادار) كە بنەمایەكی راست و دروستیی چارەكردنی كێشەی كوردی بەرێگەی ئاشتی و دیموكراسیانە داڕشت، ئەو هەنگاوە مەزنە بە تەنیا جاڕدانی كۆتاییهێنانی ململانەی خوێناوی نەبوو، بەڵكو چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستیشی دا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە عێراق و دواڕۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكان، هەروەها لاپەڕەیەكی نوێی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی لە رووی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیەوە خستە ڕوو بۆ گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە و دەروازەیەكی گرینگیش بوو بۆ دابینكردنی مافی كەمینەكانی دیكەی وەك توركمان وكلدان سریان ئاشووری و.. پێكهاتەكانی دیكە.
ئەو رێككەوتننامەیە دەستكەوتێكی گەورەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و دوابەدوای مۆركردنیشی لە نێوان حكوومەتی عێراق و سەركردایەتیی شۆڕشی كورد بە رابەرایەتیی (بارزانی نەمر)، موژدەیەكی خێروخۆشی بوو بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لە سەرتانسەری عێراقدا و وەك رووداوێكی گرینگی مێژوویی ناسرا بۆ بونیاتنانی ئاییندەیەكی روون و گەشی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەدا.
ئامانجی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەو رێككەوتننامەیە پێداگرتن بوو لەسەر ئەوەی بەبێ چارەكردنی كێشەی كورد، مەحاڵە دیموكراسییەت لە عێراقدا بەدی بێت، پارتی لەو قۆناخەدا نەخشەڕێگایەكی راست و رەوانی كێشا بۆ گەییشتن بە چارەكردنی ئەو كێشەیە، چارەكردنێك گشت مافەكان دابین بكات.
روون و ئاشكرایە راگەیاندنی ئەو رێككەوتننامەیە وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لەو كاروانە دوورودرێژە خوێناویەی تێكۆشان و قوربانیدانی رۆڵەكانی گەلەكەمان، هەروەها قۆناخێكی نوێ بوو دوابەدوای زنجیرەیەك شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانی و كۆدەتا و پیلانگێڕیی حوكمڕانییەتی عێراق لە رووی بەهێزبوون و كاراتربوونی پێگەورۆڵی كورد لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییە رەواكانی.
ئەوسا پارتیی دیموكراتی كوردستان سوور بوو لەسەر ئەوەی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكە ئامانجێكی سەرەكی و ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردە، سەرەتای قۆناخێكی نوێیە بەرەو گۆڕانكاریی ئەوتۆ لە رەوشەكەو ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتنیان، كەچی رژێمی بەعس بەردەوام بوو لە قۆرخكردنی دەسەڵات و خاو و سستینواندن، لە بەندەكانی ئەو رێككەوتننامەیە پاشگەز بووەوە و لەوانەش نكۆڵیكردن لە كوردستانیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان و، پێڕۆكردنی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس لەو شار و شارۆچكە كوردستانیانەی كە بەپێی رێككەوتنامەكە بڕیار بوو سەرژمێرییان تێدا بكرێت بە مەبەستی گۆڕینی واقیعی نەتەوەییان و دابڕینیان لە كوردستان، لەگەڵ ئەوەیشدا كە رژێمی بەعس لە رێككەوتننامەكە پەشیمان بووەوە، بەڵام بوو بە بناخەیەك بۆ تەواوی گفتوگۆكانی كە شۆڕشی كورد لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردوویەتی و سەرچاوەیەكی بەهێزی راپەڕینە شكۆدارەكەی ئاداری ساڵی (1991)ـیش بوو.
بەرواری رێككەوتننامەی (11ـی ئاداری 1970) هاوكاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر لە (11ـی ئاداری 1991)، شاری قەڵا و منارە، هەر بەو بۆنەیەیشەوە پیرۆزباییەكی گەرم و ئەمەكدارانە لە رۆڵەكانی شاری دێرینی هەولێر، شاری هۆلاكۆبەزێن دەكەین ئەو شارەی نموونەی برایەتی و لێبووردەیی و بەخشندەییە، شاری شارستانییەت و رەسەنایەتی و پێشكەوتن لە گشت بوارێكدا.
جێگەی باسە هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیار و چارەنووسازە و وێرای ئەو كێشە و گیروگرفت و قەیرانانەی بەغدا بەرانبەر هەرێم دەینێتەوە، هەڕەشە و شەڕێكی دڕندانەی تیرۆریستانیش رووبەڕووی هەرێمەكەمان بووەتەوە، وەك هەمیشەش دڵنیاین لەوەی دواجار سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی پۆڵایینی گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە رۆژ بەرۆژ لە سەرجەم بەرەكانی شەڕدا بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی جەنابی (سەرۆك بارزانی) گورزی جەرگبڕتر لە تیرۆریستان دەوەشێنن و سەركەوتنی زیاتر بەدەست دێنن و ناوچە و شار و شارۆچكە و دێهاتەكان ئازاد دەكەنەوە، ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی كوردستان و ناوچەكە لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی بە هۆشیاری و وریایی و هەماهەنگی و بەرپرسیارەتیی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و دامودەستگا و ناوەندە رۆشنبیری و میدیا و مەدەنییەكانی كوردستانە كار بكەن بۆ هاوئاهەنگی و پشتگیری و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها پتەوكردن و بەهێزكردنی هاوهەڵوێستی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەكان بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمان و دەسكەوتەكانمان.
لەو بیرەوەرییەدا جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە، ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان هەمیشە مكوڕ و سوورین لەسەر پاراستن و داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی گەلەكەمان و بنبڕكردنی هەڕەشە و مەترسییەكانی دوژمنان و تیرۆریستان و كۆتاییهێنان بە دەردەسەری و ماڵوێرانی و ئاوارەیی هاونیشتیمانیان و كوردستانیانی خۆڕاگر.
سڵاو لە بیرەوەریی (45)ساڵەی رێككەوتننامەی (11ـی ئادار(..
سڵاو بۆ گیانی پاكی سەركردە و رێبەری نەتەوەییمان (مستەفا بارزانی نەمر(..
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێگای كورد و كوردستان..
سەركەوتن هەر بۆ ئیرادەی لەبننەهاتووی گەلە خۆڕاگرەكەمانە..
مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان




