حوسێن یەزدانپەنا: تیرۆریستان لە ترسی پێشمەرگە خۆیان دەشارنەوە

كەركووك-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك دەڵێت، ئێستا هەموو شوێنێك بۆنی ئارامی و ئاساییشی لێ دێت و، تیرۆریستانی داعشیش وا تێك شكاون، ناتوانن هێرش بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بێننەوە. گوتیشی، داعش لە سەرجەم ناوچەكان ڕایان كردووە و لە ترسی هێزی پێشمەرگە خۆیان دەشارنەوە.
جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك(حوسێن یەزدانپەنا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئۆپەراسیۆنەكەی دووشەممەی ڕابردوو و پاككردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی میحوەری 4 و 5ـی كەركووك لە تیرۆریستانی داعش، لە ئێستادا هەموو شوێنێك بۆنی ئارامی و ئاساییشی لێ دێت و ئەمنییەتێكی زۆر بۆ شاری كەركووكی خۆشەویست بەرقەرار بووە، لە ئێستایشدا هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرجەم ناوچە ئازادكراوەكاندا سەرقاڵی سەنگەربەندین.
(یەزدانپەنا) ڕوونیشی كردەوە، تیرۆریستانی داعش توانای هێرشكردنیان نەماوە و ناتوانن هیچ شوێنێكی ژێردەستی هێزی پێشمەرگە داگیر بكەن، ئێستایش زۆر بە كەمی تیرۆریستانی داعش دەبینرێن و دەیانەوێت پێشانی بدەن كە لە ناوچەكەدا ماون، هەڵبەت هێزی پێشمەرگە بە چاوكراوەیی و ورەیەكی پۆڵایینەوە لە دواسەنگەرەكانن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی تیرۆرستانن، داعشیش وا تێك شكاون ناتوانن هێرش بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بێننەوە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كەركووك دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی (حەویجە و موزێری و زوبەیرە و ...) سەرجەم ناوچەكانی دیكە ڕایان كردووە و لە ترسی هێزی پێشمەرگە خۆیان دەشارنەوە، ئێستایش بەسەر گوندی (گوبەیبە)ـدا دەڕوانین كە مۆڵگەیەكی گەورەی تیرۆرستان بوو، بەڵام كش و ماتە و سەرجەم تیرۆریستان رایان كردووە".
جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان ئاماژەیشی دا، "ئێمە وەكو هێزی پارتیی ئازادیی كوردستان (پاك) ئامادەین لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت تا دوایین دڵۆپی خوێن بجەنگین و بەرگری بكەین دژ بە هەر هێزێكی چەپەڵ، كە بیەوێت كوردستان بشێوێنێت و، بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بۆ نەتەوەكەمان".
سەرباز واحد




