٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێشتا کەس نەگەڕاوەتەوە جەلەولا

سەرچاوە: KDP.info

جەلەولا-KDP.info-  پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە گوایە ژمارەیەك خێزان بۆ شارەدێی جەلەولا گەڕاونەتەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و ئاماژەیش دەدات، ناوچەكە وێران بووە، بۆیە پێناچێت بەم زووانە بتوانرێت نۆژەن بكرێتەوە و رێگە بە هاووڵاتیان بدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەرپرس لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەك تاوەكو ئێستا رێگە بە هیچ خێزانێك نەدراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو شارەدێی جەلەولا و ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەكیان نییە كە باس لە گەڕانەوەی ژمارەیەك خێزان دەكەن.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، راستە رێگە بە هاووڵاتیان دەدرێت بچنە جەلەولا، ئەویش تەنیا بۆ مەبەستی هێنانی كەلوپەلەكانیانە و بە هیچ شێوەیەك كەس ناتوانێت لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە.

ئەوەیشی خستە ڕوو، جەلەولا بە تەواوەتی وێران بووە و تەواوی فەرمانگەكانی سووتاون و رووخاون، بۆیە بەم زووانە  و بە ئاسانی ناتوانرێت بارودۆخەكە باش بكرێت، لەبەر ئەوەیش زۆر ئەستەمە كەس بتوانێت بگەڕێتەوە و تێیدا بژیت، یان رێگە بە گەڕانەوەی هاووڵاتیان بدرێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی كردەوە، ناوچەكە هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبیی تێدایە و بە سەدان خانووی هاوڵاتیان سووتێنراون و تاڵان كراون، زۆرێكیشیان تەقێندراونەتەوە و بەشێكی ئەوانەیش خاوەنەكانیان كوردن.

كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار