٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ شاندێكی هەڵەبجە دەچێتە بەغدا و سبەینێ لەگەڵ سەرۆكوەزیران كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بە مەبەستی تاوتووكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و خستنەڕووی چەند داواكارییەك، ئەمڕۆ شاندێكی پارێزگای هەڵەبجە دەگەنە بەغدا و سبەینێیش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ دەبنەوە.

(لوقمان عەبدولقادر) كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەو شاندەی سەردانی بەغداد دەكەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە ‌مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بەفەرمیناساندن و ددانپێدانانی حكوومەتی عێراق بە بڕیاری پارێزگای هەڵەبجە و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی گرینگ بۆ هەڵەبجە و تاوتووكردنی چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ شاندێك لە پارێزگای هەڵەبجەوە دەگەنە بەغدای پایتەخت".
گوتیشی: "شاندەكە بە سەرۆكایەتیی قایمقامی هەڵەبجە (ئەركان حەسەن) و چەند بەرپرسێَكی حكوومی و نوێنەری كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش هەر ئەمڕۆ سەعات یەك لە ‌فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بەڕێ دەكەون و بڕیاریشە سبەینێ چاویان بە سەرۆكوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی) بكەوێت".
ئەندامەكەی شاندی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەیشی دا، هەر لە سەردانەكەیاند لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند لایەنێكی دیكەی كوردی و عەرەبی كۆ دەبنەوە و بە ڕاشكاوانە داخوازیی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكانیان دەخەنە بەردەست.
سەردانی ئەو شاندەی پارێزگای هەڵەبجە لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێكی كەم بۆ ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە ماوە و پێدەچێت بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانی عێراق بكەن بۆ ئەو یادە، هاوكات هەفتەی ڕابرد  سەرۆككۆماری عێراق (فوئاد مەعسووم) سەردانی هەڵەبجەی كرد و دواتر داوای كرد شاندێكی پارێزگای هەڵەبجە سەردانی بەغداد بكەن.
ئاسۆ عەلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار