600هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆكدا گیرساونەتەوە
دهۆک-KDP.info-بەرپرسی كەمپەكانی دهۆك دەڵێت، 600هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆكدا گیرساونەتەوە؛ لەو 17 كەمپەی بۆیان دروست كراوە، هەر دووانیان ئاوارەمان تێ نەبردووە، ئاخر هێشتا کاریان ماوە. ئەگەرچی پاش گرتنەوەی زوممار و ناوچەكانی دیكە، بەرەبەرە ئاوارەكان دەچنەوە.
(ئیدرس ساڵح) سەرکەمپەوانی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە سنووری پارێزگای دهۆكدا 17 كەمپمان بۆ ئاوارەكان دروست كردووە، 15 كەمپیان ٢٨هەزار خێزانە ئاوارە واتە نزیکەی ١٧٠هەزار ئاوارەیان لێ نیشتەجێنە؛ ئەو دوو كەمپەكەی دیکەیش ئەوەندەی نەماوە تەواویان بکەین و، ئاوارەیان لێ نیشتەجێ بکەین."
سەركەمپەوانی پارێزگای دهۆك گوتیشی: لەو كەمپانەدا هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکمان بۆ ئاوارەكان دابین كردووە؛ حكوومەتی هەرێم و دەزگا خێرخوازییەكانیش ــ بە تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ــ بەبێ وچان خواردن و خواردنەوە و ناوماڵە دەبەن بۆ ئاوارەکان."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش كرد، زیاتر لە 600هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆك گیرساونەتەوە؛ هەڵبەت دوای ئازادبوونی زوممار و هەندێ ناوچەی دی، ئاوارەکان وردەوردە دەچنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
ڕابین شێروانی




