پارتی: لەسەر وەرگرتنی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مكوڕین

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە 18ـی مانگی رابرد وەڵامی هەر دوو لیستی فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیان داوەتەوە و لەسەر وەرگرتنی پۆستی قایمقامی هەڵەبجەیش سوورن.
سەرۆكی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكەڕەزا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە لیستی پارتی لە 18/2ـی مانگی ڕابرد وەڵامی لیستی فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانمان داوەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی لیژنەی دانوستانكاری ئێمەیان نەداوەتەوە و هیچ بەرەوپێشچوونێك نییە".
(کاکەڕەزا) گوتیشی: "لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان و پارێزگای ئێستای هەڵەبجە كە هەڵبژاردن كرا هەمووی یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو، بۆیە پێویستە 10%ـی پۆستەكانمان بەر بكەون، سلێمانی ئێستا یەك پارێزگا نییە، بەڵكە بووە بە چوار پارێزگا، بۆیە ناكرێ بڵێن لەبەر ئەوەی لە سلێمانی پۆستێكت وەرگرتووە، لە هەڵەبجە هیچت بەر ناكەوێت، بەڵكە دەبێت لە هەموو دەڤەرەكە لە سەدا 10ـمان بەر بكەوێت، ئەمەیش مافی خۆمانە و لەو سنوورە حزبی سێیەمین لە هەڵبژاردنەكاندا".
سەرۆكی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی زیاتر گوتی: "دوێنێ لە ئەنجوومەن قسەمان لەسەر ئەوە كرد و گوتیان ئەگەر قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بۆ دەنگدان بێنن، ئێمەیش گوتمان دەنگیان پێ نادەین تا هەڵەبجە یەكلا نەكرێتەوە، ئێمە رێگر نابین دەتوانن حكوومەت پێك بهێنن، بەڵام دەنگ بە كەس نادەین، چونكە داوای پۆستی قایمقامی هەڵەبجەمان كردووە و سوورین لەسەری، لەبەر ئەوەی كاتی خۆی ئەوان باسی كۆمەڵێك پێوەریان دەكرد وەكو خەبات و ڕابردوو و مێژوو و شەهید، ئێمەیش وەكو پارتی ئەگەر لە خەڵك زیاترمان نەكردبێت، كەمترمان نەكردووە".
(زیاد) هەروەها ئاماژەی دا: "ئێمە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەكێك لە دروشمەكانمان ئەوە بوو بەشداریی حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەكەین، زیاتر لە 20 ساڵە لەو دەڤەرە هیچ پۆستێكمان پێ نەدراوە، بۆیە زۆرمان پێ خۆشە بچینە ناو ئەو حكوومەتە و بەشدار بین و بەپێی سەنگی خۆمان خزمەت بكەین، بەڵام ئەگەر پۆستی شاییستەی خۆمان پێ نەدرێت، بەشدار نابین" .
نەشوان بەرزنجی




