د. كەمال كەركووكی: تیرۆریستان لە مەنسوورە و وادی نەوت تێكشكێندران و كەسیان ڕزگاری نەبوو

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك - دوبز ڕایگەیاند، لە ئێستادا رەوشی میحوەرەكە زۆر ئارامە و هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدان. دەشڵێت، شەوی ڕابرد تیرۆریستان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە دێی (مەنسوورە) ئامادە كردبوو، بەڵام خۆشبەختانە تەقێندرایەوە، هەروەها بە چەكی قورس هێرشیان بۆ (وادی نەوت) كرد، بەڵام كەسیان رزگاری نەبوو.
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك - دوبز (د. كەمال كەركووكی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا رەوشی میحوەرەكەمان زۆر ئارامە و هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەن و ئامادەی هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەكن و بە وریاییەوە ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن".
گوتیشی: "شەوی ڕابرد تیرۆریستان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە دێی (مەنسوورە) ئامادە كردبوو، بەڵام تێك شكێنرا و تەقێندرایەوە، هەروەها ئەم بەرەبەیانییە بە چەكی قورس هێرشیان بۆ ناوچەی (وادی نەوت) هێنا، بەڵام تێك شكێنران و كەسیان رزگاری نەبوو".
(د. كەمال) ئاماژەیشی دا: "تا حەویجە ئازاد نەكرێت تیرۆریستان لەوێ هەر دەمێنن، چونكە ژینگەكەی بۆ مانەوەی ئەوان لەبارە و بەشێكی زۆری خەڵكی حەویجەش هاوكاریانن، بەڵام تیرۆریستان لە حەویجە شڵەژانێكی زۆریان پێوە دیارە، ئێمە بە گوێرەی پلان لە داهاتوودا كار بۆ رزگاركردنی حەویجەیش دەكەین".
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك - دوبز دەشڵێت: "تاوەكو دڵۆپێك خوێن لە جەستەماندا مابێت، تا ئازادكردنی دواخاڵی خاكی پیرۆزی كوردستان ناوەستین."
(كەركووكی) هەروەها گوتی، لە هێرشەكەی دوێنێی هێزی پێشمەرگە و شكستەكانی تیرۆریستانی داعشدا، زیاتر لە (100) تیرۆریست كوژران كە تەرمی زۆربەیان لە ژێردەستی پێشمەرگە قارەمانەكاندان.
سەرباز واحد




