پێشمەرگە لە میحوەری خازر داعشی تێكشكاند

خازر-KDP.info- ئەفسەرێكی هێزی 1ـی سوپای 5 لە میحوەری خازر ڕایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان هێرشی تیرۆریستانی داعش لە نزیك گردەڕەشی میحوەری خازر تێك بشكێنن و پاشەكشەیان پێ بكەن، لەو شەڕەیشدا زەرەر و زیانێكی زۆر بە تیرۆریستان گەییشتووە.
ئەندامی هێزی 1-ی سوپای 5 لە میحوەری خازر موقەدەم (سەلام عەریف ئەبوزەید) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، درەنگانی دوێنێ شەو سەعات 12 و چارەك، تیرۆریستانی داعش بە دوو شۆفەڵی گوللەنەبڕ هێرشیان بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە گوندی گردەڕەش بەرپا كرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و نەیانهێشت نزیك ببنەوە و توانییان هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنن.
(سەلام عەریف) گوتیشی: "شەڕەكە تا سەعات 2 و نیو بە چڕی بەردەوام بوو، بەڵام دواتر و تا سەعات 5ـی بەرەبەیانی بە شێوەی پچڕپچڕ هێرشیان دەكردەوە، ئەمەیش بۆ ئەوە بوو تا لاشەكانیان ببەنەوە، لەبەر تاریكیی شەویش نەمانتوانی زیانەكانی تیرۆریستانی داعش بزانین، بەڵام كوژرا و برینداریان هەیە و زەبری كوشندەمان لێ داون، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش لەو شەڕەدا هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد".
نەشوان - بڵند




