توركمانەكانی هەولێر دەچنە ریزی پێشمەرگەوە.. كریستیان، ئێزدی، شەبەك و كاكەییەكان دژی داعش دەجەنگن

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی لیسی پێشكەوتووی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕیاریان داوە بچنە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە. دەشڵێت "خوازیارین لە شەڕی داعش و پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكەین."
پەرلەمانتاری كوردسان لە لیستی پێشكەوتووی توركمانی (جەودەت نەجاڕ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو توركمانەكانی هەولێر بڕیارمان داوە بچینە نێو هێزی پێشمەرگەوە و بۆ ئەو مەستەیش زیاتر لە 150 گەنجی توركمانی هەولێر خۆیان ناونووس كردووە و دەمانەوێت ببنە 250 كەس دواتریش لیستەكە پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكەین".
(نەجاڕ) گوتیشی: "دەمانەوێت فەوجێكی تایبەت بە توركمانەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بكرێتەوە، بۆ ئەوەیش قسە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كراوە و ئەوانیش پێشوازییان لەم كارە كردووە، هەروەها (سەرۆك بارزانی)ـیش یەكەم كەسە كە پیشتگیری لە هەبوونی توركمان لە نێو هێزی پێشمەرگەدا دەكات".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "خوازیارین لە شەڕی داعش و پارێزگاریكردن لە هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكەین".
لە هەرێمی كوردستاندا، كریستیان، ئێزدی، شەبەك و كاكەییەكانیش لەنێو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندان و دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن.
یەحیا سابیر




