حەشدیشەعبی هێزێكی نایاساییە.. پێویستە پێشمەرگە بە مەرج بەشداریی ئازادكردنەوەی مووسڵ بكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حەشدیشەعبی بەپێی دەستووری عێراق هێزێكی نایاساییە، لە داهاتوویشدا لە ناوچەکانی كوردستاندا دەبنە كێشە. دەشڵێت، شەڕی مووسڵ هەستیارە و دەبێت كورد بە مەرجی پێشوەختە بەشداریی تێدا بكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەكرەم ساڵح) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەشدیشەعبی بەپێی دەستووری عێراق هێزێكی نایاساییە، جگە لەوەی ئەوان لە داهاتوو دەبنە كێشەی گەورە، بە تایبەت دەستتێوەردانی ئەو هێزانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن لە ڕووی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە، ئەوەیش كێشەیەكە و دەبێت بە هەندی وەربگرین".
سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ، ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ: "بۆ ئازادكردنەوەی مووسڵ پێویستە بەشداریی هێزی پێشمەرگە بە ڕێككەوتنی سیاسی و بە مەرج بێت، چونكە ئازادكردنی مووسڵ بابەتیكی هەستیارە و پرۆسەیەكی گەورەیە، بۆیە دەبێـت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە 30%ــی مووسڵ كوردن و هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت رۆڵی لە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵدا دیار بێت و دووچاری شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی نەبێت".
یەحیا سابیر




