٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاریی سەرکەوتنەکەی ئەمڕۆی پێشمەرگە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک - دوبز وردەکاریی سەرکەوتنەکەی ئەمڕۆی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەڵێت، ١٧٠ کم چوارچۆشە لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوە و زیاتر لە ٤٠ تیرۆریستیش کوژراون و، ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار بوون، بڕێکی زۆریش چەک و تەقەمەنییان پێ جێ‌هێڵراوە.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک - دوبز (د. کەمال کەرکووکی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی وەها دەڵێ "ماوەیەکە بۆ ھێرشەکەی ئەمڕۆ کارمان دەکرد و بەرنامەیەکی زۆر تۆکمەی بۆ دارێژرابوو کە لە بەرزاییەکانی گوبێبە و سمایلاواوە تا دووڕێیانی وادی نەوت لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک جووڵە بکەن و، لە تەللوەردیش تا دووڕێیانی وادی نەوت جووڵە بکرێت، هەڵبەت پلان وابوو کە دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان مۆڵگەکانی داعش بۆردوومان بکەن پێشمەرگە پێشڕەوی بکەن؛ بەپێی پلان بە شەو ھێزی پێشمەرگە لەو شوێنانەی پێویست بوو نزیک بوونەوە و دەستبەکار بوون و، میحوەری چواریش لە سنووری خۆی جووڵە بکات بۆ ئەوەی پشتیوان بێت بۆ ھێزی تەللوەرد، چونکە ئەو ناوچەیە ھەستیارە و ئەو پشتیوانییەیش بۆ ئەوە بوو نەبادا تیرۆریستان ھێرش بکەن و سوود لە پێشڕەویییەکانمان وەربگرن."

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک - دوبز گوتیشی، "پێشمەرگەکانی بەرزاییەکانیش ھاتنە خوارە و ئەوانەی دیکەیش بەرەو وادی نەوت چوون و، خەتێکی دیکەش لە لای خرابەڕووت بەرەو سمایلاوا، بەرەو مولتەقا چوون، ھەموو تیمەکانی پێشمەرگە بە تەواوی بە ئەرکەکانی خۆیان ھەڵسان و ھێزێکی دیکەش لە بوەیتەرە بەرەو مولتەقا چوون و، ئەم پلانەش لەگەڵ بەرپرساندا چەند کۆبوونەوەی بۆ کرا و ھەموو پێداویستییەکانیشی بۆ ئامادە کرا و گەیێندرایە شوێنی مەبەست، ئەمڕۆ بەیانیش پێشمەرگە پێشڕەوی کرد و تا ئێوارە ھەموو شوێنەکان ئازاد کران کە بە درێژایی ١٧کم و بە پانتایی ١٠کم کە دەکاتە ١٧٠کم چوارگۆشە ھەمووی لە تیرۆریستان پاک کرایەوە."

سەبارەت بە بایەخی ئازادکردنی ئەو ناوچانە، (کەمال کەرکووکی) گوتی، "بایەخەکەی ئەوەیە خاکی کوردستان داگیر کرابوو، ئێمەیش پەیمانمان دابوو خاکی کوردستانیان لێ پاک بکەینەوە و گەلەکەیشمان لە تیرۆریستان بپارێزین و ئەمەیش ھەنگاو بە ھەنگاو ئەنجام دەدرێت."
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک - دوبز لەبارەی زیانەکانی دوژمنیشەوە گوتی، زیاتر لە ٤٠ تیرۆریست کوژران و، ژمارەیەکی زۆریش برینداریان ھەن و، چەک و تەقەمەنیێکی زۆریشیان پێ جێ‌هێڵرا."

ئەوەشی گوت، "تیرۆریستان ھەمیشە ترسنۆک بوون  و ورە و مۆراڵی پێشمەرگەیش هەردەم بەرزتر و بەرزترە، چونکە باوەڕی بە پاراستی گەل و خاکەکەیەتی."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار