داعش سەدان لاشەی بۆ گەڕایەوە

مووسڵ ـKDP.infoـ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مووسڵ پێی ڕاگەیاندین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی داعش سەدان لاشەی تیرۆریستانی لە مووسڵ بۆ گەڕایەوە، داعشیش 15 خانووی لە شارۆچکەی حەمدانیە ڕووخاند.
سەعید مەموزینی بەرپرسی ڕاگەیێنکەی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، هێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک پێشڕەوییان کرد و، توانییان نزیکەی 10 گوند لە تیرۆریستانی داعش پاک بکەنەوە و، تیرۆریستێکی زۆری داعشیشیان کوشت."
مەموزینی ئەوەیشی ئاشکرا کرد، کەمێک لەمەوبەر زیاتر لە 100 لاشەی تیرۆریستانی داعش کە لە شەڕی پێشمەرگەدا لە کەرکووک کوژرابوون، گەڕایەوە نەخۆشخانەکانی مووسڵ هەڵبەت بێهەژمار نەخۆشخانەکان پڕبوون لە برینداری داعش، بۆیەش تیرۆریستانی داعش ئێستا بە بڵنگۆ بە شەقامەکانی مووسڵدا دەسووڕێنەوە و، بانگ لە خەڵک دەکەن سەردانی نەخۆشخانەکانی شارە کە بکەن و، خوێن ببەخشن بە تیرۆریستیان."
سەعید مەموزینی گوتیشی، لە شارۆچکەی حەمدانیەی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ تیرۆریستانی داعش دەستیان بە تەقاندنەوەی خانووی خەڵک کردەوە و، 15 خانوویان خاپوور کرد، کە ئەو خەڵکەیش لە کوردستاندا نیشتەجێن.
هەژار مەموزینی




