٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوا: پەیامی سەرۆک بارزانی ھەنگاوی یەکەمی دامەزراندنەوەی کۆبانییە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی، پەیامێکی زۆر گرینگە و، پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەین؛ یەکەم ھەنگاوی بنیاتنانەوەی کۆبانییە و، چاوەڕێی کارێکی لەو چەشنەمان لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرد.

نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان (فەتحوڵڵا حوسێنی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی و، درێژکردنی دەستی ھاوکاری بۆ ئەو شارە، پەیامێکی زۆر گرینگی کوردانەیە و، ئێمە پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەین کە توانی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکەکانی خۆی بانگەوازیی سیاسی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وڵاتان بکات، تا لە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانیدا هاوکار بن."

(فەتحوڵڵا حوسێنی) گوتیشی، "تا چەند ڕۆژی دی ئەو بانگەوازەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی دەبێت کە چەند وڵات دەبن؛ ئەمە ھەنگاوی یەکەمە بەرەو دامەزراندنەوەی کۆبانی و، ئێمە چاوەڕێی ئەو بانگەوازەیشمان لە سەرۆکی ھەرێم دەکرد کە یەکەم کەس بێت و، ئەو کارەیشی کرد."

نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، کۆبانی جارێ پێویستی بە ھێزی پێشمەرگە ھەیە و، ئێستا ھێزی یەپەگە ھەماھەنگییەکی باشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا ھەیە و، توانییان پێکەوە کۆبانی ڕزگار بکەن و، وا ئێستا دەوروبەری کۆبانی ڕزگار دەکەن و، تاوەکو ھەرێمەکانی ڕۆژئاوا لە داعش پاک دەکرێنەوە، پێویستیان بە ھێزی پێشمەرگە ھەیە، چونکە ئێستایش مەترسی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھەیە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی تیرۆریستی.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار