عەمید عوسمان دەڵێ لە زۆر شوێن تیرۆریستانی داعش بەبێ بەرگریکردن ڕایاندەکرد

کەرکووک-KDP.info- جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لەمیحوەری کەرکووک دەڵێت، لە شەڕەکەی ئەمڕۆی کەرکووکدا ھەموو ئەو ناوچانەی بۆ ئێمە دیاری کرابوون گرتمان و، تیرۆریستانی داعشیش لە زۆر شوێندا بەبێ بەرگری ڕایاندەکرد و، زیانی زۆریشیان بەرکەوت.
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک عەمید (عوسمان ڕەمەزان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تەواوی ئەو ناوچانەی بۆمان دیاری کرابوو ھەموو ئازاد کران و زیانی زۆریشمان لە تیرۆرستانی داعش دا، کە ژمارەیەکی ئێکجار زۆریان لێ کوژراوە و، لە ھەموو شوێنەکان لاشەیان بەجێ ماون."
عەمید (عوسمان ڕەمەزان) گوتیشی، ئەو قۆڵەی ئێمەی لێ بووین داعش زۆر لاواز بوو بەبێ بەرگری ھەڵدەھاتن و، یەک فیشەکیشیان نەتەقاند، چونکە ئێمە پشتمان لێ گرتن و، لە خرابەڕووتە چووینە پشت مەلاعەوڵا و، تێکمان شکاندن و، ھەڵاتن و زیانی زۆریشمان پێ گەیاندن.
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک گوتیشی لەو شەڕەدا لیوای یەک و دوو و پێنج و یازدە کە ھاوبەشن و ھێزی پشتیوانی یەکیش کە سیهاد بارزانی سەرپەرشتی دەکات، تۆپخانەکانیان و، ھەندەسەی یەکەی ھەشتاش لەو شەڕەدا بەشدار بوون و، ھیچ ھێزێکی عەرەب لەو شەڕەدا بەشدار نەبوونە.
ئەوەیشی خستە ڕوو کە ئێستا ھێزەکانی پێشمەرگە شوێنی خۆیانیان گرتووە و، ڕەوشەکە کڕ و ئارامە.
بڵند ئیبراھیم




