٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنوەر حاجی عوسمان: پلانەکەی بۆ کەرکووکمان دانا سەدی سەد سەری گرت..سەدان لاشەی داعش جێماون

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- (ئەنوەر حاجی عوسمان) بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لە سنووری کەرکووکدا سەرکەوتنێکی زۆر گەورەمان تۆمار کرد و، تیرۆرستانی ناوچەکەمان تەمێ کرد؛ بە سەدان لاشەی تیرۆرستان لەناوچەکە بەجێماون و زیانی زۆریان بەرکەوتووە،کە ئیدی نابنە ھەرەشە بۆ سەر کەرکووک ودەوروبەری، چونکە زۆر دورخراونەتەوە.

(ئەنوەر حاجی عوسمان) بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێک بوو پلانمان بۆ ھێرشەکەی ئەمڕۆ سنووری پارێزگای کەرکووک دادەنا، کە چۆن تێکیان بشکێنین و، وەدەریان بنێین و، لە کەرکووک دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی وەکو ھەڕەشە نەمینێنەوە، خۆشبەختانە ئەم بەیانییە ئەو پلانەمان جێبەجێ کرد و، بەرزاییەکانی حەویجە و سمایلاوە کە چوار پێنج گوندن و، ناوچەی ملتەقا و، ناوچەی گردی گوڵان (تەلوەرد) و ئەبووسەیف و، دۆڵەنەوت (وادی‌نەفت) و جادە کۆنەکەی عەلی کیمیایی، ھەمووی لە داعش پاک کرایەوە و پلانەکەمان ١٠٠% سەری گرت."

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو کە بە سەدان لاشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا کەوتوونە و بەجێماون؛ بەرامبەر پێشمەرگە خۆیان پێ نەگیرا و، تێک شکێندران و، گورزی کوشندەیان لێ وەشێندرا، کە من خۆم باوەڕم نەدەکرد بەو شێوەیە بێت.
(ئەنوەری حاجی عوسمان) ڕوونیشی کردەوە، بەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆی ھێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا، ئیدی ھەڕەشەیان لەسەر کەرکووک و دەوروبەرەکەی نەما.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: "تیرۆریستانمان تەمێ کرد و، پێمان وتن کە ئەو خەڵکانەی حەویجە وا سووکایەتییان بە پێشمەرگە دیلەکان کرد، هەر وا نایخۆن و، ھەر شوێنێکمان بوێت ئازادی دەکەین."
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو شوێنانەی بۆ ئازادکردنی دامان‌نابوو بە زیادەوە ڕزگار کران بە زیانێکی زۆر کەم بەرامبەر بەو زیانە زۆرەی دوژمنان؛ ئێستایش ناوچەکە ئارام بووەتەوە و، ھێزی پێشمەرگەش لەو شوێنانەی ئازاد کراون شوێنی خۆیان قایم دەکەن.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار