کەینێ شاندی هەرێم چوو بۆ بەغدا، پارەی هەرێمیش دەگات

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ بەغدادا كردوویەتی و، لە چاو مانگی کانوونیدووەم، ئەم مانگی شوباتە، نەوتێکی زۆر زیاتری ڕەوانەی دەرەوە كردووە، کەواتە حكوومەتی عێراقیش لە چاو 250ملیار دینارەکەی پێشوو، پارەیەکی زیاتر ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات؛ من لەو باوەڕەیشدام پاش چوونی شانی هەرێم بۆ بەغدا، پارەی هەرێم دەگات.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلیستی پارتیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیار وایە لەمحەفتەیەدا شاندێكی هەرێم بچێتە بەغدا، پاش چوونی ئەو شاندە هەموو شتێك ڕوون دەبێتەوە و، پێموایە دوای سەردانی ئەو شاندە بەغدا بڕێكی دیكەی بوودجە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.
(نەجیبە) گوتیشی، لە مانگی شوبات حكوومەتی هەرێم بڕێكی زۆر زیاتر لە مانگی یەك نەوتی ڕەوانەی دەرەوە كردووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، ئەمجارە زیاتر لە جاری یەكەم كە 250ملیار دینار بوو، بەغدا پارە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد، حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ بەغدادا كراوە و، بەغدایش بەڵێنی دووپات كردووەتەوە كە ئەویش لای خۆی پابەندە بەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ هەولێردا كردوویەتی، بۆیە من لەو باوەڕەدام حكوومەتی عێراق بەو نزیکانە بڕە پارەیەکی دیکەیش ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
ڕابین شێروانی




