فازڵ میرانی: كادیرانی پارتی لە تەك هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدان
هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کادیرە پێشکەوتووەکانی سنووری هەولێر ڕایگەیاند کە، لەم قۆناغە هەستیارەی كوردستان كادیرانی پارتی وەك هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان بینوە لە پاراستی خاك و خەڵكی كوردستان، بە درێژایی سنوورەكانی شەڕكردن لە دژی تیرۆریستانی داعش لەتەك هێزەكانی پێشمەرگەدا لە بەرەكانی شەڕن.
بەمەبەسەتی ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و شیكردنەوەی ڕووداو و پێشهاتەكان لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر و بەرپرسی لقەكانی 2/10 /16/23/24/26 لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پێشكەووتوی پارتیی لەسنووری پارێزگای هەولێر كۆبووە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە (میرانی) تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئێستای كوردستان عێراق و ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستانی داعش دژ بە خەڵكی كوردستان كە شەڕێكی نەخوازراو ڕووبەرووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
(فازڵ میرانی) ڕۆڵی كاریگەر و بەرچاوی جەنابی (سەرۆك بارزانی) لە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش خستەڕوو كە جەنابی (سەرۆك بارزانی) لە نزیكەوە سەرپەرشتیی زۆربەی بەرەكانی شەڕی كردووە بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچە كوردستانییانەی كە كەوتبوونە دەستی تیرۆریستانی داعش. (میرانی) دەشڵێت، (سەرۆک بارزانی) لەبواری دیپلۆماسی ڕۆڵی گەورەی بینی لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، هەڵبەت سەركەوتنی كۆبانێ دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی.
لە تەوەرێكی تری گوتەكانی فازڵ میرانی پرسی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی خستە ڕوو كە ئێستا كێشەكانی نێوان هەردوو لا بەرەو چارە دەڕوات. لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ڕۆشنیایی خستە سەر كاروبارەكانی ناوخۆی پارتی و، ڕایگەیاند: "لەم قۆناغە هەستیارەی كوردستان كادیرانی پارتی وەك هەمیشە ڕۆڵی بەرچاویان لە پاراستی خاك و خەڵكی كوردستان بینوە، بە درێژایی هێڵی شەڕیش دژی تیرۆریستانی داعش كادیرانی پارتی لە تەك هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدان. ئەمەش جێگای دەستخۆشیە كە پارتی لە پێناوی پاراستنی خاكی كوردستاندا ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە.
سامان سەفەر




