عەمید سەرحەد قادر: بەزوویی زنجیرە چیای سمایلاوە و ٣ گوندی ناوچەکەمان ئازاد کرد

كەركووك -KDP.info- بەرپرسی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك (عەمید سەرحەد قادر) دەڵێ، كاتژمێر شەش و نیوی ئەمبەیانییە هێرشمان کردە سەر تیرۆریستان و زنجیرەچیای سمایلاوە و سێ گوندی دی بە ئێمە سپێردرابوو و بەزووی ئازادمان کرد.
(عەمید سەرحەد قادر) بەرپرسی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ بەیانی كاتژمێر شەش فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان زۆر بەباشی بنكەو بارەگاكانی تیرۆرستانیان ئاگر باران كردوو دواتر كاتژمێر شەش و نیو دەست كرا بە هێرشكردنە سەر تیرۆریستان بەگوێرەی پڵانەكان و دوای شەڕێكی قورس تواندرا تەواوی مەترسیەكان لە سەر پارێزگای كەركووك دور بخرێتەوە و سەركەوتنێكی زۆر گەورە بە دەست بهێنین.
(عەمید سەرحەد قادر) پێوەست بە رۆڵ و چالاكیەكانی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك لەم سەركەوتنەدا گووتی: "ئێمە وەكو پۆلیسی قەزاو ناحیەكان كەركووك بەشداریەكی زۆر گرینگمان هەبوو لەم سەركەوتنە مەزنەدا. بەگوێرەی پلان رزگاركردنی زنجیرە چیاكانی سمایلاوە مان پێسپێردرا كە زیاتر لە (15) كیلۆمەترەو شوێنێكی زۆر ستراتیژییە، توانیمان بە كەمترین ماوە ئەم زنجیرە چیایە پاك بكەینەوەو دواتر پێشڕەویمان كرد بۆ هەردوو گوندی (سمایلاوە) و ئەم دوو گوندەشمان ئازاد كردو و دواتر هێرشمان كردە سەر گوندی (سەغرە) كە لەوێدا شەڕێكی زۆر قورس رویداو زیاتر لە (10) چەكداری داعشمان لەم دێیە كوشت و ئێستا من لە سەغرەم، هەر لە گوندی (سەغرە)یشدا تیرۆرستێك خۆكوژانە هێرشی كرد و خۆی تەقاندەوە و شوكر بۆخوا هیچ زیانێكمان پێنەگەیشت".
بەرپرسی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك راشیگەیاند: لەهێرشەكانی ئەمڕۆماندا زیاتر لە (10) تەرمی تیرۆریستانمان كەوتووەتە ژێر دەستی پۆلیسی قەزاو ناحیەكان و هاوەنی (82)ملم و (5) كلاشینكۆف و بڕێكی زۆر لە پێداویستی سەربازی دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرباز واحد




