پارتی: ئەوەی لە توانانماندا بووە ئەنجاممان داوە.. هەڵەبجەییەكان دوكانەكانیان داخست

هەڵەبجە-KDP.info- دوكاندارانی نێو بازاڕی هەڵەبجە لە بەرانبەر دواكەوتن و پێكنەهێنانی ئیدارەی پارێزگاكەیان بۆ ماوەیەك دوكانەكانیان داخست و هاووڵاتیان و چالاكوانانی هەڵەبجەیش گردبونەوەیەكیان ئەنجام دا. هاوكات بەرپرسی لقی 12 پارتیی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، ئەوەی لە توانای ئەواندا بووە بۆ پێكهێنانی ئیدارەی هەڵەبجە ئەنجامیان داوە.
یەكێك لە دوكاندارەكانی نێوبازاڕی هەڵەبجە (یاسین محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هۆی ئەوەی كە ماوەی ساڵێك بەسەر واژۆكردنی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ كارێكی فەرمی ئەنجام نەدراوە، بۆیە وەك هەڵوێستوەرگرتنێك لە بەرانبەر ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە، ماوەی زیاتر لە نیو سەعات دوكانەكانمان بە ڕووی هاووڵاتیاندا داخست".
ئەو دوكاندارە گوتیشی، داخستنی دوكانەكانیان لەسەر خواستی ئەنجوومەنی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و كەمپینی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بووە بەو هیوایەی لایەنە سیاسییەكانیش ئەو هەڵوێستە مەدەنیانەی هاووڵاتیان و كاسبكارنی هەڵەبجە بەهەند وەربگرن و لە زووترین كاتدا پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا یەكلا بكەنەوە.
لای خۆیەوە بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەوەی لە توانای ئەواندا بووبێت وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەنجامیان داوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە یەكلا بكرێنەوە، بەڵام چەند لایەنێك لە بەردەم هەوڵەكانیاندا ڕێگر بوون.
(بەشارەتی) ئاماژەیشی دا، ئەوان داوای پۆستی قایمقامی هەڵەبجەیان كردبوو پێیان بدرێت، بەڵام یەكێتیی نشتیمانی بە پێدانی ئەو پۆستە ڕازی نەبوو، بۆیە لە پێناو پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگادا، پارتی سازشی لەو داوایەی خۆی كرد لە بەرانبەر پێدانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام بەوەیش ڕازی نەبوون، بۆیە ئەوان لە پێكنەهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا خۆیان بە كەمتەرخەم نازانن.
ئاسۆ عەلی




