٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: هەر كەسێك هاوكاریی داعش بكات، وەك تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری)، هەڵوێستی نەگۆڕی حكوومەتی هەرێمی دووپات كردەوە بەرانبەر بەوانەی لەگەڵ داعش هاوسۆزن، یان پەیوەندییان لەگەڵی هەیە و پشتگیریی ئەجێنداكانی داعش دەكەن، كە هەمان مامەڵەی تیرۆریستانی داعشیان لەگەڵدا دەكرێت.

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری)، لە وەڵامی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانەی كە هەندێك لە دەستگای میدیایی نێودەوڵەتی دەربارەی ڕەفتارەكانی هێزی پێشمەرگە و مامەڵەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ داعشدا بڵاوی دەكەنەوە، دووپاتی كردەوە كە هەر كەسێك لە كوردستان لە كورد یان عەرەب تەنانەت مەسیحی و توركمان و ئێزدی و شەبەكیش بێت، پاڵپشتیی داعش بكات یان ئاسانكارییان بۆ بكات و زەمینەی جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان خۆش بكات، شوێنیان لە كوردستان نییە و ئازادن جێی بهێڵن.

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها گوتی: "لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەی كە باس لە فیتنەی تایفی و ناكۆكیی نێوان كورد و برا عەرەبەكان دەكەن، جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كە ئەم راپۆرتانە لە ڕاستییەوە دوورن و بەڵگەیشمان بۆ ئەمە، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانە لە كوردستان كە زۆربەیان لە برا عەرەبەكانن، هەروەها حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی لە دەست داعش ئازاد كراون و هەموو ئاوارەكان لە كوردستان ئازادن لە هاتوچۆكردن".
(د. دیندار زێباری) هەر لەم بارەیەوە زیاتر گوتی: " ئەو لێدوان و راپۆرتە ڕۆژنامەنووسیانە ڕەت دەكەینەوە كە هەندێك لە كەناڵەكان بڵاویان كردووەتەوە بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی كە ڕێكخراوێك بە مەبەستێكی تایبەت بڵاوی كردووەتەوە و بۆنی تایفەگەریی لێ دێت، چونكە ئەزموونی چەند ساڵەی ڕابردووی كوردستان تا ئەمڕۆ بۆ هەموو لایەك ڕوون و ئاشكرا و بەرچاوە".
(زێباری) ئاماژەیشی دا: "برا عەرەبە سوننە نیشتەجێبووەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە حكوومەتی هەرێم ئیدارەیان دەكات، لەپاڵ پێكهاتەكانی دیكە لە ئەمن و سەقامگیری و دوور لە هەر هەڕەشەیەك دەژین، بەڵگەیشمان بۆ ئەمە ئەو ژمارە زۆرانەیە لە پێكهاتە مەزهەبی و تایفییەكان كە دوای داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە ڕوویان لە كوردستان كردووە".
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی و زانیاریی تەواویان پێ دەدەن بۆ گەیاندنی واقعی ڕاستەقینەی ناوچەكە بە جیهان و بە پێچەوانەیشەوە هەر ڕێكخراوێك بە گیانی ڕق و بۆ ئامانجی نادیار كار بكات، لە كوردستاندا شوێنی نابێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر هاوسۆزیی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا هەبێت، چونكە ئەو ڕێكخراوەی پاڵپشتی لە ئەجێنداكانی داعش بكات، هیچی لە داعش كەمتر نییە، هەروەها هەموو راپۆرتێكی دوور لە ڕاستی یان ئاڕاستەكردنی تۆمەت بۆ هەر لایەنێك ڕەت دەكەنەوە بە بێ بوونی بەڵگە و دۆكیومێنت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار