ئەم هەفتەیە شاندێكی هەرێم دەچێتە بەغدا.. ڕوونی دەكەنەوە نەوت چۆن هەناردە دەكرێت

هەولێر- KDP.info - بڕیارە ئەم هەفتەیەك شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، سەردانەكەیش بە مەبەستی ڕوونكردنەوەی پێویستە لەسەر گرفتە تەكنیكییەكانی بەردەم پرۆسەی هەناردەی نەوت لە نێوان هەردوولادا.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركاتی كوردستان گوتی: "بڕیارە شاندێكی تەكنیكیی هەرێم لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بكات، ئەو شاندەیش ڕوونكردنەوە لەسەر پرۆسەی هەناردەی نەوت دەدەنە دەسەڵاتدارانی بەغدا و ئامانجی چوونی شاندەكەیش ئەوەیە، بۆ بەغدای ڕوون بكەنەوە كە چۆن نەوتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەندەرەكانی جیهان و بە چ شێوەیەك دەگوازرێتەوە، ئەو گرفتانە چین كە لەبەردەم خاوبووبوونەوەی هەناردەكردنی نەوت هەن، لەهەمان كاتدا باسی چۆنیەتیی چوونی نەوتی كوردستان بۆ كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت لە چوار چێوەی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولادا".
(شەعبان) گوتیشی: "پێشبینی ناكرێت بە چوونی ئەم شاندە گرفتەكان چارە بكرێن، بەڵام ئەم شاندە ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی شاندی سیاسی لە هەرێمی كوردستانەوە بچێتە بەغدا".
ڕوونیشی كردەوە: "لەم ڕێگایەوە قسەی بەغدایش دەبڕدرێت كاتێك دەڵێت چۆن هەرێمی كوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و بە چ ڕێگایەك ئەو نەوتە هەناردە دەكرێت؟ ئێمە بۆ بەغدای ڕوون دەكەینەوە كە چۆن ئەو نەوتە دەڕوات".




