هیچ مەترسییەك لەسەر ئاوارەكانی سەر چیای شنگال نییە

شنگال-KDP.info- قاسم شەشۆ دەڵێ، ئەو ئاوارانەی 7 مانگ زیاترە بەچیای شنگالەوە دەژین، هیچ مەترسییەك لەسەر ژیانیان نەماوە و تا دێ، ژیانیان خۆشتر دەبێ.
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێستا نزیكەی دەهەزار ئاوارە لە چیای شنگالدان و هیچ مەترسیەك لەسەر ژیانیان نییە، بەهۆی ئەوەی لە هەر چوار لای چیای شنگال پێشمەرگەی لێنە و هیچ مەترسیەك لەسەر ئاوارەكان نییە و ئێدی دەستی چەكدارانی داعش بەو ئاوارانە ناگات."
(شەشۆ) گوتیشی: "لەو سەرەتاوە ژینی ئاوارەكانی سەر چیای زۆر ناخۆش بوو، بەڵام دوای كردنەوەی ڕێگەی وشكانی ئێستا ڕۆژانە دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر و حكوومەتی هەرێم خواردن و خواردنەوە و پێداویستی دیكەیان بۆ دابین دەكات، ئیتر تا دێ ژینیان خۆش دەبێت، بەڵام تا بە تەواوەتی شنگال ئازاد نەكرێت و كەسوكاری ئێزدییەكان نەگەڕێنەوە ناو خزموكەسی خۆیان، ئێزدییەكان دڵیان داناسەکێت."
ڕابین شێروانی




