ئەو دەرگایەی عێراقی پێدا ڕزگار بوو، هەڵەبجە بوو..بانگهێشتی فەرمیان پێشکەش کردووە
هەڵەبجە-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت بانگهێشتنامەیان ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بەشداری یادەكە بكەن؛ بۆ ئەو مەبەستەش گوتەیەكی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا وەبیر دەهێنێتەوە
لوقمان عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی بالای یادكردنەوەی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند بەفەرمی بانگهێشتنامەیان ئاراستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و عێراق كردووە بۆ ئەوەی لە 16/3 ئەم مانگەدا بێنە هەڵەبجە و لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان بەشداری ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەن، چونكە ئەو عێراقەی ئێستا بەرهەمی خوێنی هەڵەبجەیە.
گوتیشی كاتێك (كۆڵن پاوڵ) وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریكا هاتە هەڵەبجە، لەسەر مەزاری شەهیداندا ئاماژەی بەوە كرد کە، "ئەوانەی باوەڕیان بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس نیە و ئەوانەشی باوەڕیان نیە سەدام كیمیایی لەدژی گەلەكەی بەكارهێناوە بابێن سەردانی هەڵەبجە بكەن لەنزیكەوە ئازاری هەڵەبجەییەكان ببینن."
ئەندامەكەی لیژنەی باڵای یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی لەوەیش كردەوە ئەو دەرگایەی عێراقی پێدا ڕزگار بوو، هەڵەبجە بوو، بۆیە ناكرێت حكوومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانی بە گشتی و، هەڵەبجەی بەتایبەتی لەبیر بچێت.
ئاسۆ عەلی




