٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر فێستیڤاڵی یادەكانی ئازار و نەورۆز بە دروشمی "هەموومان پێشمەرگەین" رادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە پێناو بەرزڕاگرتنی یادی راپەڕین و نەورۆز و پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە، لە دیوانی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا و تێیدا بەرنامەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان راگەیەندرا، كە لە رۆژی یازدەی ئازاردا دەست پێ دەكات.

بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی راپەڕین و نەورۆز و پشتیوانی لە پێشمەرگەی سینبولی ئازادی و بەرخۆدان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لیژنەی فێستیڤاڵی یادەكانی ئازار و نەورۆز لە دیوانی پارێزگا كۆ بووەوە .
    لە كۆبوونەوەكەدا بەرنامەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە دروشمی "هەموومان پێشمەرگەین" بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان راگەیەندرا، كە لە رۆژی یازدەی ئازارەوە دەست پێ دەكات و تا ئێوارەی نەورۆز بە هەڵگردنی مەشخەڵی نەورۆز و ئازادی تەواو دەبێت .
    لیژنەی فێستیڤاڵ بڕیاری لەسەر بەرنامەكە دا كە بریتی دەبێت لە پەردەلادان لەسەر پەیكەری پێشمەرگەی سینبولی ئازادی و بەرخۆدان و پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ وێنەكانی شەهیدانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كۆنسێرتی سروودی نیشتمانیی راپەرین و ئازادی و كۆڕی شیعریی بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدان و هەڵمەتی نەمامچاندن و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و چەندین چالاكیی دیكە كە خۆراگری و بەردەوامبوونی گیانی بەرەنگاربوونەوە ‌و خەباتی گەلەكەمان لە پێناو ئازادی و سەرفرازی و پشتیوانیمان لە پێشمەرگە دووپات دەكاتەوە و هەموو چالاكی و بەشدارییەكانیش بە خۆبەخشانە و بێبەرانبەر لەلایەن دامودەستگاكان و هونەرمەندان و كۆمپانیاكانەوە ساز دەكرێن  .
 

هەواڵی پەیوەندیدار