پەرلەمانتارێک باوەڕی وایە، بە چوونی شاندی كوردی بۆ بەغدا كێشەکان چارە دەبن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە لیژنەیەكی هونەری بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەردانی بەغدا بكات و چاوەڕوانیش دەكرێت بە چوونی ئەو شاندە كێشەكان چارە بكرێن، ئەگەر بەغدا بەسیاسی نەكات.
ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سبەی ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا و چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەم هەفتەیە شاندێكی تەکنیکیی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی جێبەجێنەبوونی رێككەوتنی نێوان هەردوو لا، بەڵام پێشبینی دەكات بە چوونی ئەو شاندە كێشەكان هەموو چارە ببن، چونكە ئەو كێشانەی ئێستا هەن، تەکنیکین.
(حاكم سەرحان) گوتیشی، كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتە كە كێشەیەكی هونەرییە، بۆیە ئەگەر بەغدا نەیكات بە كێشەیەكی سیاسی، دەتواندرێت لەو سەردانە چارە بكرێت و كۆتایی بەو كێشەیە بێت و بەشەبودجەی هەرێمیش رەوانە بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان ئەگەر ئێستا ٣٥٠ هەزار بەرمیل رەوانە بكات، بڕیارە لە سەرەتای مانگی چوارەوە رۆژانە ئەو رێژەیە بۆ ٦٠٠هەزار بەرمیل زیاد بكات، بەمەیش كێشەكە چارە دەبێت و، لە كۆتایی ساڵیشدا دەبێتە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
بڵند ئیبراهیم




