٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی كەوتنی مووسڵ: زۆرینەی بەرپرسە باڵاكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە.. لێپێچینەوە لەگەڵ مالیكیشدا دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی كەوتنی مووسڵ دەڵێت، لیژنەكەمان لە بانگهێشتكردنی بەرپرسان بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری كەوتنی مووسڵ بەردەوامە و تاوەكو ئێستاش زۆرینەی  بەرپرسە باڵاكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە كۆتاییدا (نووری مالیكی)ـیش لەسەر هەمان پرس بانگهێشت بكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ (موحسین سەعدوون) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەكەمان بەردەوامە لە كاری خۆی و شایەتحاڵ گەلێك زۆرن، بەڵام ئەوانەی كە باڵان زۆرینەیان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە، لەوانە لێكۆڵینەوە لەگەڵ (عەلی غێدان)، (عەبود قەنبەر) و (موحسین كەعبی) تەواو بووە و بڕیارە ئەم هەفتەیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ وەزیری پێشووی بەرگری (سەعدوون دلێمی) و (عەدنان ئەسەدی) بكرێت".
(موحسین سەعدوون) گوتیشی: "پێویستە تاوەكو مانگێكی دیكە كارەكانی ئەو لیژنەیە كۆتاییان پێ بێت، لە ئێستایشدا ناتوانین باس لە ناوەڕۆكی لێكۆڵینەوەكان بكەین، چونكە نهێنییە، بەڵام كاتێك لێكۆڵینەوە تەواو بێت ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین و دیاری دەكەین كێ هۆكاری كەوتنی مووسڵ بووە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ ئاماژەیشی دا، تاوەكو ئێستا لیژنەكەیان بڕیاری نەداوە (نووری مالیكی) بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشت بكرێت، بەڵام كاتێك لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسەكانی دیكە تەواو بێت، ئەو كات بانگهێشتی دەكەن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار