٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: پیرۆزبایی لە ژنانی كۆبانێ و دایكی شەهیدان و ژن و كچ و خوشكی شەهیدە سەربەرزەكانمان دەكەم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان رایدەگەیەنێ، "ئەو ڕۆڵەی ژن لە ژیان و خەباتی گەلی كوردستاندا بینیویەتی جێگەی شانازییە و هەموومان قەرزاری فیداكاری و خۆڕاگریی ئافرەتی كوردستانین. هاوکات ڕایگەیاند، "لەم شەڕە زاڵمانەی بەسەر گەلەكەماندا سەپێندرا، خوشكە ئێزدییەكانمان باجی ژنبوون و كوردبوون و ئێزدیبوونیان دا و، گەورەترین تاوانیان بەرانبەر كرا."

لە پەیامێکیدا کە بە بۆنەی ٨ـی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە، (سەرۆک بارزنی) پیرۆزبایی لە ژنانی كۆبانێ دەكات كە بە دلێری و خۆڕاگرییان لە شەڕی تیرۆریستان هەموو جیهانیان سەرسام كرد. پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ئافرەت لە دایكی شەهیدان و ژن و كچ و خوشكی شەهیدە سەربەرزەكانیش دەكات و هیوای شادی و ئومێدیان بۆ دەخوازێ.


دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئافرەتانی كوردستان نموونەی خۆڕاگری و فیداكاریی ئافرەتانی جیهانن. نموونەی  وا كە لە یەك ڕۆژدا تەرمی سێ ڕۆڵەی شەهیدیان دەگرنە باوەش كەچی ورەی پۆڵایینیان لە دەست نادەن و هێشتا ئامادەی قوربانیدانن، مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانیش تژییە لە نموونەی دایكە شەهیدی لەو شێوەیە.  هەر بۆیەشە ئەو دلێری و قارەمانێتییەی لە پێشمەرگە دەبیندرێت سەیر نییە و دوور لە چاوەڕوانی نییە، چونكە پەروەردەی شیر و دەستی ئەو دایكە ئازا و مەزنانەن.
ئێستا لە كاتێكدا یادی هەشتی مارس دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ دڕندەترین جۆری تیرۆریستان. لەم شەڕە زاڵمانەی بەسەر گەلەكەماندا سەپێندرا خوشكە ئێزدییەكانمان باجی ژنبوون و كوردبوون و ئێزدیبوونیان دا و، گەورەترین تاوانیان بەرانبەر كرا. دایكی شەهیدە قارەمانەكانمان ئازیز و خۆشەویستەكانیان لە دەست دا. لەم شەڕەدا بەشێكی زۆری ئافرەتانی كوردستان تووشی سەختییەكانی ئاوارەیی بوون. بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەكەمان پشكی ئافرەتانمان ئازار و سەختی و خۆڕاگریی بووە. ئەو ڕۆڵەی ژن لە ژیان و خەباتی گەلی كوردستاندا بینیویەتی جێگەی شانازییە و هەموومان قەرزاری فیداكاری و خۆڕاگریی ئافرەتی كوردستانین. ئەركی سەرشانی هەموومانە وەڵامی مەزنیی ئەرك و ماندووبوونی ئافرەتی كوردستانی بدەینەوە و ماف و داخوازییەكانیان پێشێل نەكەین و ڕێز لە ئیرادەیان بگرین و كار بۆ مسۆگەركردنی یەكسانی نێوان ژن و پیاو بكەین.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی كوردستان و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە ژنانی كۆبانێ دەكەم كە بە دلێری و خۆڕاگرییان لە شەڕی تیرۆریستان هەموو جیهانیان سەرسام كرد. پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ئافرەت لە دایكی شەهیدان و ژن و كچ و خوشكی شەهیدە سەربەرزەكانمان دەكەم و هیوای شادی و ئومێدیان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی 3ـی 2015
 

هەواڵی پەیوەندیدار