میلیشیا شیعەكان تۆمەتبارن.. ئەشواق جاف: رێوشوێنی یاسایی دەگرینە بەر

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، میلیشیا شیعەكان تۆمەتبارن و ماڵیان سوتاندووە و تاڵانیان ئەنجام داوە كە ئەمە تاوانە و كارەساتیشە. دەشڵێت، "دوای لێكۆڵینەوەكانمان بریاڕ لەسەر كۆمەڵكوژی و تاوانە مرۆییەكانی میلیشیا شیعەكان دەدەین".
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە جەلەولادا میلیشیا شیعەكان تۆمەتبارن و ماڵیان سوتاندووە و تاڵانیان ئەنجام داوە كە ئەمە تاوانە و كارەساتیشە، هەروەها لە پارێزگای دیالە لە ناوچەی پەروانەدا زیاتر لە (70) كەس كۆمەڵكوژ كراون، ئێستایش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامدەرانی تاوانەكە، بەڵام بەرپرسانی میلیشیا شیعەكان رەتی دەكەنەوە ئەم تاوانانەیان ئەنجام دابێت و لە بەرانبەردا هەندیك كەس تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە دەیانەوێت ناوماڵی عێراق بشێوێنن. ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ دوای كۆتاییهاتن بە لێكۆڵینەوەكانمان بریاڕ لەسەر كۆمەڵكوژی و تاوانە مرۆییەكانی میلیشیا شیعەكان دەدەین و رێوشوێنی یاسایی دەگرینە بەر".
(جاف) زیاتر گوتی: "ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ داوامان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزارەتی بەرگری كردووە كە ناكرێت دوای ئازادكردنی هەر ناوچەیەك لە چنگی تیرۆریستانی داعش، كۆمەڵكوژی ڕوو بدات و ئەمە دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە و پێویستە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزرێت، بە تایبەتیش لە ئیستادا شەڕێكی قورس لە ناوچەی تكریت هەیە و مەترسی هەیە میلیشیاكان كۆمەڵكوژی ئەنجام بدەن. هەرچەندە ئەمە ڕوونە دوای ئازادكردن ئەو میلیشیایانە تۆڵەی خۆیان دەستێننەوە".
ئەو ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ ڕوونیشی كردەوە: "دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكان لە ژێر چنگی داعش، كارەساتەكان روو دەدەن و ئەو میلیشیایانە لەسەر بنەمای تۆڵەسەندنەوە و مەزهەب كار دەكەن، بۆیە پێویستە پێش ئازاد كردن و پاش ئازادكردن هەوڵی پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە بدرێت و پێشیلی مافەكانی مرۆڤ نەكرێت".
سەرباز واحد




