نووری بریمۆ: لە دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی خەڵكانێكی زۆر ئامادەییان بۆ هاوكاریكردنی كۆبانی دەربڕیوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان –سووریا، هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچونی خەڵكی كۆبانی بەرز دەخرێنێت و دەڵێت: "(سەرۆك بارزانی) پەیامێكی مێژوویی بۆ كۆبانی راگەیاند و، ئێستایش خەڵكانێكی زۆر بۆ هاوكاریكردنی كۆبانی ئامادەییان دەربڕیوە ".
ئەندامی سەركردایەتی پارتیی دیموركاتی كوردستان -سووریا و نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی لە هەرێمی كوردستان (نووری بریمۆ)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان پشگیری لە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هاوكاریكردن و بەهاناوەهاچوونی خەڵكی كۆبانی و ئەو هەنگاوەی (سەرۆك بارزانی)ـیش زۆر جێگای شانازی و دڵخۆشییە، چونكە لە دوای پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم، خەڵكانێكی زۆر ئامادەییان بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی كۆبانی دەربڕیوە، بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووبارە لەم بابەتەیشدا گەورەیی خۆی دەرخستووە و بە هەنگاوێكی گرینگی دەزانین بۆ دووبارە یەكگرتنەوەی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا".
(بریمۆ) گوتیشی: "چاوەڕوان دەكەین كە لە دوای فەرمانی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە كۆمەكێكی باش بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بكرێت، هەروەكو چۆن سەرۆكی هەرێم توانی فەرمان دەربكات بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، وەهایش بۆ ڕزگاركردنی شارەكە لەو وێرانكارییە دەستپێشخەریی كرد ".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتیی دیموركاتی كوردستان -سووریا ئەوەیشی خستە ڕوو، شارەكە بە تەواوی وێران بووە، بۆیە كات و دەرفەت و هاوكارییەكی گەورەی پێویستە تا جارێكی دیكە ئاوەدان دەبێتەوە.
کارزان هەورامی




