ئەجێندایەكی بەهێز هەیە نفوزی میلیشیا شیعەكان لە جەلەولا و پارێزگای دیالە زیاتر بكرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بوونی میلیشیاكان بە مەترسی لەسەر ناوچەكە دەزانێ و، داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكات میلیشیاكان جەلەولا و سەعدییە جێ بهێڵن و ئەو داوایە جێبەجێ بكات.
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (عامر ڕەفعەت ئەحمەد) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەجێندایەكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی نفوزی میلیشیا و شیعەكان لە جەلەولا و پارێزگای دیالە زیاتر بكرێت، چونكە لە ساڵی 2008ـەوە ئەم ئەجێندایە پپێڕۆ دەكرێت، ئەو كاتەی كە (نووری مالیكی) فەرمانی دەركرد بە ناردنی هێزی میلیشیا بۆ جەلەولا و بەشێك لە پلانەكەی سەركەوتوو بوو، بەڵام بەشێكیشی شكستی هێناوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت ئەو پلانە تەواو بكەن".
دەشڵێت، "ئێستا هێزی عەسائیب ئەهلولحەق و خۆراسان و قودس و كەتیبەی شیعە و سەدریەكان، هەرلایەنە و بۆ خۆی بارەگای كردووەتەوە و دەیانەوێت خۆیان لە ناوچەكە بەهێز بكەن، لە كاتێكدا هیچ پێوەرێكی یاسایی نییە ئەمانە لێرە بڵاو كراونەتەوە، كە بێگومان بە فەرمانی حكوومەتی عێراقە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت كە بەشێكی زۆری ئەو خەڵكانە لە ترسی ئەو میلیشیایانەیە بۆ ناوچەكانیان ناگەڕێنەوە".
(عامر رەفعەت) ئاماژەیشی دا: "ئێستا پرسیاری گرینگ ئەوەیە كە ئەوان خۆیان پێمان دەڵێن هاتووین بۆ لەناوبردنی داعش، ئێستایش داعش لە ناوچەكەدا نەماوە، ئەی بۆ ناچنەوە؟ بۆیە دەبێت ئەم گرووپانە لە ناوچەكە بكشێنەوە، ئەمەیش داوایەكە سەرجەم هێزە سیاسییەكان لەگەڵیدان و لەوە دەچێت لە داهاتوودا ئەم داوایە بە فەرمی بدرێتە حكوومەتی عێراق".
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی ئەوەیشی خستەڕوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەترسیی ئەم گرووپانە ئاگادار كراوەتەوە، چونكە جۆرێك لە ڕێككەوتنێكی ناوخۆیی لەسەر مانەوەی میلیشیاكان هەیە و ئێستایش مەترسییەكی دیكە هەیە، ئەویش زیادبوونی ئەندامانی حزبە شیعەكانە لە ناوچەكەدا، چونكە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆریان دێنە سنوورەكە".
کارزان هەورامی




