فڕاكسیۆنی كۆمەڵ: پەیامەكەی سەرۆك بارزانی زۆر پیرۆزە و هێمای یەكڕیزیی نەتەوەی كوردە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان لە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، پشتیوانی لە پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) دەكەن و، بە پەیامێكی زۆر پیرۆز و هێمای یەكڕیزیی نەتەوەی كورد ناوی دەبات.
لە پەراوێزی پەیامی (سەرۆك بارزانی) کە داوای هاوكاریكردن و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی و دەستپێكردنەوەی دووبارە ژیانی لەم شارەدا كرد، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان (سۆران عومەر) كە لە فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان پێشوازی و پشتیوانی لە پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) دەكەین، چونكە پەیامێكی زۆر پیرۆزە كە داوای هاوكاریكردن و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی و دەستپێكردنەوەی دووبارە ژیانی لەم شارەدا كردووە، ئەم پەیامەی (سەرۆك بارزانی) هێمای یەكڕیزیی نەتەوەی كوردە و ئێمەیش ئەوەی لە تواناماندا بێت دەكەین".
پێوەست بە سیاسەتەكانی (سەرۆك بارزانی) لە پاراستنی خاك و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، (سۆران عومەر) ئاماژەی دا: "سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) لە پاراستنی خاكی رۆژئاوا زۆر سەركەوتوو بووە و جێگای دەستخۆشییە كە لەم هەموو قەیران و شەڕەدا توانی سیاسەتێكی راست و حەكیمانە پێڕۆ بكات".
سەرباز واحد




