٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چوونی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا، درێژەدانە بە كاری لیژنە هاوبەشەكەی رابردوو

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، سەردانی شاندی ئەمڕۆی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا، بە مەبەستی چارەكردنی كێشەی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە نییە، چونكە ئەو شاندە ئەو دەستەڵاتەی نییە، بەڵكە ئەمە كاری سەرۆكوەزیرانی هەردوو لایە. ڕوونیشی دەكاتەوە، سەردانەكە بۆ درێژەپێدانی كاری لیژنە هاوبەشەكەی رابردووە كە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا دروست كرابوو.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای كرد بە مەبەستی درێژەپێدان بە كۆبوونەوە هاوبەشەكان لەگەڵ بەغدا، چونكە پێشتر لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆ كاری هاوبەش دروست كرابوو بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە مانگانە دوو جار كۆبوونەوە ئەنجام دەدرا، چونكە ماوەیەك كۆبوونەوەكان وەستابوون و كاتێك وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، داوای كرد ئەو كۆبوونەوانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە یەك نزیك ببنەوە و كێشەی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە چارە بكەن، بەڵام ئەستەمە، چونكە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری حەشدی‌شەعبیی تێدا نییە."
عەمید (هەڵگورد حیكمەت) گوتیشی: "ئەو لیژنەیە ناتوانێ كێشە هەڵواسراوەكانی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا چارە بكات و ئەو دەستەڵاتەیشی نییە، ئەگەر وایش بگوترێت مەنتقی نییە، لەوانە بودجەی پێشمەرگە و موستەحەقاتی پێشمەرگە، چونكە ئەمە كاری سەرۆكوەزیرانی هەردوولایە نەك ئەو لیژنەیە".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، "جگە لەو لیژنەیە، لیژنەیەكی دیكە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە، كە لە وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی حكوومەتی عێراق پێك دێ و ماوە ماوە لەبارەی پرسە هاوبەشەكانی نێوانیان كۆ دەبنەوە".

ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ئەو شاندە باس لە مووچەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا دەكات كە لە یاسای بودجەی ٢٠١٥ـدا هاتووە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار