سبەی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز دەكات.. خوێندنەوە بۆ حەوت پڕۆژەیاسایش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ئاسایی سبەینێی پەرلەمانی كوردستاندا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ ژمارەیەك پڕۆژەیاسای دیكە ئەنجام دەدرێت.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەددین قادر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی ژمارە (2)ـی ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی كوردستاندا، سبەی دووشەممە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا دەكرێت.
سكرتێری پەرلەمان گوتیشی: "بڕگەی دووەمی دانیشتنەكەیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ (7) پڕۆژەیاسا دەكرێت، یەكەم: پڕۆژەیاسای داواكاری گشتی، دووەم: پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن، سێیەم: پڕۆژەیاسای جیاكردنەوەی كەرتی تایبەت لە كەرتی گستی لە سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، چوارەم: پڕۆژەیاسای هەمواركردنی مووچە، پێنجەم: پڕۆژەیاسای هەمواركردنی مووچەكان لە هەرێمی كوردستان، شەشەم: پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان، حەوتەم: پڕۆژەیاسای رێگری لە زێدەڕۆیی."
نەشوان بەرزنجی




