٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیروان ئەحمەد: ئێستا كاتێكی گرینگە دۆسیەی مالیكی بجوڵێنرێت.. پارەی خەڵكی كوردستانیش خوراوە

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info-   ئەندامێكی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ئاشكراكردنی راستییەكان دەكات و دەڵێت، دەبێت دۆسیەی گەندەڵیی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق  بجوڵێنرێت و ئێستایش كاتێكی گرینگە بۆ ئەوە.

ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان ئەحمەد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا كاتێكی گرینگە بەدواداچوون بۆ بەهەدەردانی پارەیەكی زۆری عێراق لە سەردەمی (نووری مالیكی)ـدا بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا دۆسیەكانی (مالیكی) بجوڵێنرێن و ئەو كەسانەی لە سەردەمی (مالیكی)ـدا لە گەندەڵیی عێراق تێوە گلاون دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نزیكەی 1000 ملیار دۆلار لە سەردەمی (مالیكی)ـدا بەهەدەر دراوە  و هێشتا كەس نازانێت ئەم پارەیە چیی لێ هاتووە و بە چی دراوە؟ بۆیە دەبێت ئەو پارەیە بە وردی لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، ئەگەر پارەی بەهەدەر داوە دەبێت دادگایی بكرێت خۆ ئەگەر پارەكەی لە شوێنی خۆی خەرج كردووە، ئەوا دەستخۆشیی لێ بكرێت كە ئەم خاڵەیان زۆر ئاستەمە".
(سیروان ئەحمەد) گوتیشی: "دیوانی چاودێریی دارایی سەرجەم دۆسیەكانی لەلایە و دەبێت بە گەڕانەوە بۆ دیوانی چاودێری سەرجەم ئەو دۆسیانە بجوڵێنرێن، چونكە (مالیكی) ئەو دەسەڵاتانەی هەیبوون سەرجەمی بەكار هێناون، بۆیە لە دۆسیەكاندا بەرپرسی یەكەم كە (مالیكی)ـیە لەگەڵ دارودەستەكەی دەگرێتەوە".
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیشی دا كە گومانێكی زۆر هەیە بودجەی 2014-ی عێراق چۆن خەرج كراوە، چونكە پارەی خەڵكی كوردستانیش لەو بودجەیەدا دیار نەماوە و خوراوە.

 

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار