پێشمەرگە لە ناوەران داعشی تێك شكاند

ناوەران -KDP.info- جێگری سوپای 3ـی زێرەڤانی لە میحوەری ناوەران ڕاگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاندووە و، تیرۆریستانیش چەندین چەك و تەقەمەنییان لە دوای خۆیان جێ هێشتووە.
جێگری سوپای 3ـی زێرەڤانی لە میحوەری ناوەران عەمید (حوسێن عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەعات چوارونیوی درەنگانی شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش لە میحوەری ناوەران لە گوندی فازڵییە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، بە شێوەیەك نزیك بوون كە بە نارجۆك و لە دوورەوەیش بە دۆشكە شەڕیان دەكرد، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە رووبەڕوویان بوونەوە و بە چەكی قورس و جۆرەكانی دیكەی چەك توانرا شكست بە هێرشەكەیان بهێنین، تیرۆریستانیش لە دوای خۆیان چەندین چەك و تەقەمەنیان جێ هێشتووە."
جێگری سوپای 3-ی زێرەڤانی گوتیشی: "شەڕەكە سەعاتێكی خایاند، هەرچەندە ئامارێكی تەواو لە بەردەستدا نییە لەبەر ئەوەی كاتەكە شەو بوو، بەڵام بێگومان ژمارەیەك كوژراو و برینداریان هەیە."
نەشوان بەرزنجی




