لەعێراقدا یاسا نایخوات

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری مافی مرۆڤ دەڵێ، لە عێراقدا یاسا نایخوات؛ لەبەر ئەوەی دادگایەكی سەرەوەر نییە، ئەو كەسانە سزا بدات كە لەسەر هۆزهۆزانێ خەڵك دەكوژن. هەروەها گوتیشی، لە عێراق خەڵك لەسەر ناوی (عەلی و عومەر) دەكوژرێت.
(كرمانج عوسمان) شارەزای مافی مرۆڤ وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "لە عێراقدا یاسا سەروەر نییە، لەبەر ئەوەی دادگایەكی سەرەوەر نییە كە ئەو كەسانە سزا بدات لەبەر هۆز و عەشرەت خەڵك دەكوژن، زۆر ئاستەمە شەڕی هۆزهۆزانێ دامرکێتەوە، مەگەر تەنها نەتەوە یەكگرتووەكان راستەوخۆ بێتە ناو شەڕەكە و دایمرکێنێتەوە."
(كرمانج عوسمان) گوتیشی: "زۆر گرنگە ئەوانەی كە تاوانی دەکەن سزا بدرێن؛ ئەگەر پێشتر ئەوانەیان شەڕی هۆزهۆزانێیان هەڵگیرساند، سزا درابان، ئێستا وا پەرەی نەدەسەند."
ئەو شارەزایەی مافی مرۆڤ ڕوونیشی كردەوە كە عێراق كێشەیەكی زۆر گەورەی هەیە؛ كێشەی هۆزهۆزانێ، هەركاتێك شیعە یان سوننە هەڵبكوتنە سەر ناوچەكانی یەكتر، پێشیلكاری مافی مرۆڤ لە چەند ئاستێك رودەدات. یەكەمیان رێزنەگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ . دووەم ریز نەگرتن لە بنەماكانی یاسای نیودەوڵەتی مرۆیی كە بەپێی ئەو یاسایانە دەبێت شوێنە مەدەنییەكان تێك نەدرێت و، چەكی قەدەغەكراو بەكار نەهێنرێت و، خەڵكی لاشەڕ (مەدەنی) و سەرباز لە یەكتر جیا بكرێتەوە. سێهەمیان لەبەر ئەوەی عێراق شكستی خواردووە لە ڕەوتی ئاشتەوایی بۆیە مەسەلەی تۆڵەسەندنەوە هەمیشە لە ئارادایە و كاتێك مەزهەبێك باڵادەست دەبێت لە شاریكی تری مەزهەبەكەی تر هەمیشە بیری تۆڵە سەندنەوەی هەیە.
لەدریژەی قسەكانیشیدا دەڵێت: لە ساڵی 2003 بەم لاوە، شەری هۆزهۆزانێ سەری هەڵداوە، بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی دووای زۆر توند بووە لە نێوان پێكهاتەكان و، هەمیشە پێكهاتەكان بیریان لە تۆڵەسەندنەوەیە و، لە عێراق خەڵك لەسەر ناوی (عەلی و عومەر) دەكوژرێت!
سەرباز واحید




