ژمارەیەک شوقەی دەستکورتان لە هەولێر لە تەواوبووندایە
هەولێر-KDP.info- (عومەر برایم) بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "396 وارخان (شوقە) بۆ كەمداهاتانی هەولێر لە قۆناخی كۆتاییدایە و چاوەوڕانین بەو زووانە تەواو ببن."
(عومەر برایم) گوتیشی: لە شارۆچکە و شارەدێیەكان چەندین یەكە بۆ دەستکورتان دروست دەكرێت و كاریان تێدا دەكرێت، شەقڵاوە 120 شوقە، سۆران 144 وارخان، چۆمان 72 شوقە، رەواندز 72 وارخان، بە گشتی لە شارۆچکە و شارەدێیەکانی هەولێر 780 وارخانە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو کاری 144 وارخانەكەی سۆران تەواو بووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاشكرایشی كرد بە گشتی لە نێو هەولێر 999 وارخان بۆ دەستکورتان دروست دەكرێت.
ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی بە هاووڵاتیان دەدرێت، بەبێ وەرگرتنی هیچ زیادەیەك، حكوومەتیش قەرزەكەی بە ماوەی 25 ساڵ وەردەگیرێتەوە، ئەو هاووڵاتیانەیشی سوودمەند دەبن هەتا 10 ساڵ هەقیان نییە بیفرۆشنەوە.
(عومەر برایم) جەختی كردەوە هەر دەستەیەك لەو یەكانەی نیشتەجێبوون تەواو بكرێت ئامادەكاریی بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دابەشكردنی فۆرم بەسەر دەستکورتاندا دابەش بكرێت.
یەحیا سابیر




