وەزارەتی دارایی دابەشكردنی مووچە بە دۆلار تاوتوێ دەكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، وەزیری دارایی پێی گوتم ئەو پێشنیازە تاوتوێ دەکەن کە مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران بە دۆلار بدرێت.
(د.شرین حوسنی) ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند حەفتەی ڕابردوو پێشنیازم دایە وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كەوا مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران بە دۆلار بدرێت، وەزیری داراییش پێی گوتم كەوا دیراسەی ئەو پێشنیازە دەكەن.
(د. شیرین حوسنی) گوتیشی: "ئەگەر 500ملیۆن دۆلار قەرزەكەی توركیا بگاتە هەرێم، كاتێكی زۆری دەوێت بكرێتە دینار، بۆیە بە وەزیرم گوت مووچەی بە دۆلار بدەن باشترە".
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردەووە بۆ دابەشكردنی مووچە پێوەندیی بە وەزارەتی دارییەوە كردووە؛ " وەزارەتی دارایی پێیان ڕاگەیاندم چاوەڕوانی گەیشتنی پارەن لە بەغدا و توركیاوە کە مووچەی مانگی یەكی پێ بدەن."
دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو: "ئەو ٥٠٠ملیۆن دۆلارە قەرزەی لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر لە بانكیی ناوەندی لە بەغدا بۆ دیناری عێراقی بیگۆڕێت، ٦٧ملیار دینار زیان بەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێ."
یەحیا سابیر




